فالح فەیاز:هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی خۆكوژییە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، دەڵێت: هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی خۆکوشتنە، چونکە بارودۆخی هەرێمایەتی هاوشێوەی ئەو مەترسیدارییەیە کە عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا تیایدا دەژیا، کاتێک داعش سەریهەڵدا.
فەیاز، لە چاوپێكەوتنی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: حەشدی شەعبی نایەوێت ئەزمونی سوپای پاسداران لە عێراق دووبارە بکاتەوە، حەشد پێکهاتەیەکی نیشتمانییە بۆ هەموو عێراقییەکان، هەوڵیشمان داوە هەموو ناوچەكانی عێراق بگرێتەوە، جگە لە برایانمان لە هەرێمی کوردستان، کە ئامادە نەبوون بەشداری بکەن، بەوپێیەی پێکهاتەیەکی هاوتەریبیان هەیە، ئەویش پێشمەرگەیە، کە تایبەتە بە دۆخی کورد، ئێمە رێز لەوە دەگرین و پێشمەرگە بە یەكێك لە سەرچاوەكانی بەرگریی نیشتمانی عێراق دەزانین.
لەلایەكی ترەوە، گابرێل سۆما، ئەندامی ئەنجومەنی راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، هۆشداریی دا لەوەی سزای توندی ئەمریکا چاوەڕێی عێراق دەکات، ئەگەر یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بکرێت.
سۆما، ئاماژەی بەوەشكردووە: هەندێک لە پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی پشتیوانی لە ئێران وەردەگرن، عێراقیش لە ئامادەبونی سوپادا پێویستی بە حەشدی شەعبی نییە.
وتیشی: جۆ بایدن سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا چاوپۆشی لە هەژمونی ئێران لە عێراقدا كردبوو، بەڵام ترەمپ جیاوازە، جەحتیشكرد: بەشێکی زۆر لە هێزەکانی حەشدی شەعبی فەرمانەکانیان لە ئێران وەردەگرن.
لەبارەی هێزەكانی پێشمەرگەش، ناوبراو وتی: پێشمەرگە وەلائیان بۆ عێراقە، هەرچەندە هاوکاری لە ئەمریکاشەوە وەردەگرن.
راشیگەیاند: واشنتۆن رێگە بە پەسەندکردنی یاسای حەشدی نادات، ئەمە قسەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکایەو ترەمپ سزای توند بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، ئەگەر یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بکرێت.
