یۆنامی: سزاكەی شێروان شێروانی ستەمكارانەیە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) دەڵێت، "نیگەرانن" لە دووبارە سزادانەوەی شێروان شێروانی و بەدوداچوونی بۆ دەکەن. راشیگەیاندووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ بپارێزێت".
 
19ـی ئەم مانگە، دادگەی بنەسڵاوە لە هەولێر، سزای چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە زیندانیی بەسەر شێروان شێروانی، چالاکڤانی حکومدراو لە هەرێمی کوردستان سەپاند.
 
لە راگەیێندراوەکەی یونامی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە بڕیاری دادگای بنەسڵاوە لە رۆژی 19ـی ئابی 2025 بە سزادانی رۆژنامەنووس بەڕێز شێروان شێروانی، بە چوار ساڵ و نیو بەندکردن بە تۆمەتێک، کە ئەو خۆی رەتی کردووەتەوە".
 
لەبارەی هۆکاری نیگەرانییەکەیانەوە یونامی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو سزایەی شێروان شێروانی "رەنگە لە جێگەی خۆیدا نەبووبێت و بەشێوەیەکی ستەمکارانەش درابێت. یونامی لەو باوەڕەدایە، کە دادگای ناوبراو هۆکاری قەناعەتپێکەری بۆ ئەوەی کە پێی دەگوترێت (زەرفی موشەدەد)ـی بەهەند وەرنەگرتبێت".
 
بەگوێرەی یاسا، سزادانەکە دەکرێت تانەی لێ بدرێت. یونامی دەڵێت، لە دادگاییەکەی 19ـی ئاب لەوێ بوون و لە داهاتووشدا بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بەردەوام دەبێت.
 
شێروان شێروانی، کە لە ساڵی 2021ـەوە لە زیندانە، پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نزیکەی نیوە کەمکردبوویەوە و دەبوو لە ئەیلوولی 2023 ئازاد بکرێت.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "یونامی سەرنجی ئەوە دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ بپارێزێت" داواش لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە دڵنیا بن لەوەی کە دادگاییکردنی تاوانباران بەشێوەیەکی روون و رەوا و بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت.
 
دوای دانیشتنی دادگەی بنەسڵاوە لە 19ـی ئاب، محەممەد عەبدوڵڵا، یەکێک لە پارێزەرەکانی شێروان شێروانی گوتی: "دانیشتنی دادگەکە لەسەر سکاڵای کەسێک بووە بە ناوی رائید دڵدار بە مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی".
 
پارێزەر محەممەد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد: "بەبێ بەڵگەی یەکلاکەرەوە دادگە سزاکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ و پێنج مانگ بڕیوەتەوە".

پارێزەرەکەی شێروان شێروانی گوتی، تانە لە بڕیارەکە دەدەن و گوتی: "هیوادارین لە دادگەی پێداچوونەوە بڕیارەکە هەڵوەشێندرێتەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار