لە دوو کۆبونەوەی کۆتای کۆمیسیۆنەکەى تورکیادا چی وتراوە؟
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامانی دەم پارتی لە 'کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی' گوڵستان کلچ کۆچیگیت، مەراڵ دانش بەشتاش، حەقی سارووخان ئۆلوچ، جەلال فرات و جەنگیز چیچەک دەربارەی هەردوو کۆبوونەوەکەی ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ـی ئابی کۆمیسیۆنەوە قسەیان کرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو کەسانەی لە کۆمیسیۆنەکەدا گوێیان لێگراوە بە ڕێککەوتنی نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی کۆمیسیۆن دیاریکراون.
ئەندامانی کۆمیسیۆنی دەم پارتی سووپاسی هەموو ئەو بەشداربووانەیان کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا ڕەخنە و پێشنیارەکانیان خستووەتەڕوو و دەڵێن: "لە قسەکاندا وێنەیەک لە کاریگەری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی زەمینەی شەڕیی پرسی کورد نیشان درا. هەر چیرۆکێک، هەر ڕووداوێک کە ڕوودەدات، هەر جێگیرکردن و پێشنیارێک کە کراوە، بەشێک بوون لەم وێنەیە."
لە لێدوانەکاندا دەستیشان کراوە، هەرچەندە بۆچوون و پێشنیارەکان جیاوازیش بن، پشتگیریکردنی ئەو کەس و دامەزراوانە کە گوێیان لێگیراوە، ئەرکێکی مێژوویی دەخاتەئەستۆی دامەزراوە سیاسییەکان.
داواکارییەکانی دایکانی شەممە
دایکانی شەممە ڕاپۆرتێکیان پێشکەش بە لیژنەکە کرد کە ئەم داواکارییانەی لەخۆگرتبوو:
-جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگای دەستووریی تورکیا.
-کۆتاییهێنان بە قەدەغەکردنی گردبوونەوەکانیان لە گۆڕەپانی گاڵاتاسارای لە ئیستانبوڵ.
-دامەزراندنی "لیژنەی دۆزینەو و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان" وەک لیژنەیەکی پەیوەست بەو لیژنە پەرلەمانییە بۆ لێکۆڵینەوە لە شوێنبزرکراوەکان.
-داننانی دەوڵەت بە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تاوانی شوێنبزرکردن لەژێر چاودێریدا.
-ئاشکراکردنی چارەنووسی شوێنبزرکراوان و ڕادەستکردنەوەی پاشماوەکانیان بە خێزانەکانیان.
-کۆتاییهێنان بە سیاسەتی سزانەدانی تاوانباران و دابینکردنی دادپەروەری.
-ئەنجامدانی گۆڕانکاریی یاسایی بۆ ناساندنی شوێنبزرکردنی خەڵک وەک تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی.
-واژۆکردن و پەسەندکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی هەموو کەسێک لە شوێنبزرکردنی زۆرەملێ و پەیماننامەی ڕۆما بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
دایکانی ئاشتی و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی ڕۆڵی ئۆجەلان
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گوێ لە نوێنەرانی دایکانی ئاشتی گیرا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر تایبەتمەندی قسەکانی ناو کۆبوونەوەکە و هاتووە: " ئەو وتار و پێشکەشکردنانەی لە کۆتا دوو کۆبوونەوەی کۆمیسیۆندا خرایە ڕوو، جارێکی دیکە قورسایی باری ڕابردوویی بیرخستینەوە. قورسی ئەم بارەمان لەبەرچاوە و بۆ سوککردن و کۆتایهێنان بەو نەهامەتیانە چی لە دەستمان بێت دەیکەین، لە کارەکانی کۆمیسیۆندا ئەم بڕیاردارییەمان نیشان دەدەین."
لە کۆتای ڕاگەیاندراوەکەی ئەندامانی کۆمیسیۆنی دەم پارتییدا هەڵوێستی یەکلاکەرەوە نیشان دراوە لە دژی چەواشەکارییەکانی سەر کارەکانی کۆمیسیۆن.
