شاخەوان عەبدوڵا: ئەوەی خەڵک لێی دەترسن جێبەجێ ناکرێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانى عێراق، دووپاتی کردەوە کە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران دەست بەدانیشتنەکانی دەکاتەوە. 

شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ڕاگەیاندووە، ئەوەی خەڵک لێی دەترسێت ناچێتە ناو دانیشتنەکانەوە کە مەبەست لێى یاساى حەشدى شەعبییە.

پەرلەمان چەند مانگێکە شایەتحاڵی مشتومڕو ناکۆکى سیاسیە لەسەر پەسەندکردنى یاسای حەشدى شەعبى، بەتایبەتی دوای ئەوەی مایکل میچڵ وتەبێژی عەرەبی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند لە ئەگەری دەرچوونی یاساکە سزاى ئابوریی ئەمریکا بەسەر عێراقدا بسەپێندرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" دژی ئێران. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە "دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا درێغی ناکات لە هەڵوێستی توندتر سەبارەت بە سزا ئابوورییەکان دژی هەر قەوارەیەک یان دەوڵەتێک کە پەیوەندی نایاسایی لەگەڵ ئێراندا هەیە". 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، ئەمڕۆ ڕایگەیاندبوو، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کردووە کە هەردوو جێگرەکەی و سکرتێری گشتی پەرلەمان ئامادەیبوون بۆ "تاوتوێکردنی خێراکردنی دەنگدان لەسەر یاسا گرنگەکان". 

لەلایەکى دیکەوە فالح فەیاز سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى هەڵوەشاندنەوەى حەشد بە “خۆکوژى” ناودەبات و دەڵێت، شتى وا روونادات و ئامادەن بەرگرى لە باڵیۆزخانەکان بکەن، رەتیشدەکاتەوە یاساى حەشدى شەعبى ئەو هێزە بکاتە هاوشێوەى سوپاى پاسدارانى ئێران.

ئەو وتانەى فەیاز لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا هات کە تێیدا جەختیکردەوە، حەشدى شەعبى هەوڵدەدات خۆى لەو کارانە بەدووربگرێت کە گروپەچەکدارەکان ئەنجامى دەدەن.

وتیشى مشتومڕی سیاسی لەسەر یاسای حەشدى شەعبى پەیوەندی بە ناوەڕۆکى یاساکەوە نییە و بەشێک سەرنجیان لەسەر سەرۆکی دەستەکە بووە و لێکچوون لە نێوان یاسای حەشد و هەیکەلی سوپای پاسدارانی ئێراندا ناڕاستە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار