وتەبێژى سودانى: دا.عـ.ـش مەترسی بۆ سەر وڵات دروست ناکەن

5 كاتژمێر لەمەوپێش
گوتەبێژی گشتیی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دڵنیایی دا کە چەکدارانی داعش مەترسی بۆ سەر عێراق دروست ناکەن، ئەمەش بەهۆی وریایی هێزە ئەمنییەکان و ئامادەییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو. گوتیشی: سنوورەکانمان بە تەواوی پارێزراون و پێشهاتەکان کاریگەرییان نابێت.
شەممە 23ـی ئابی 2025، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، مەترسی نین بۆ سەر عێراق، بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە بە تەواویی لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
هاوکات دووپاتی کردەوە، بەهۆی وریای هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراقەوە، بە ئامانجگرتنی تیرۆریستان بەردەوامە و ڕۆژانە چاودێری دۆخەکە دەکەن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، سنوورەکانی وڵاتەکە بە تەواویی پارێزراون، هەر پێشهاتێکی هەرێمیش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق نابێت.
سەباح نوعمان، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ترسی نێودەوڵەتی لە چەکدارەکانی داعش، پەیوەندیی بە دۆخی عێراقەوە نییە، چونکە ئێستا ڕێکخراوەکە لە وڵاتەکە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی هێزە ئەمنییەکانمان تواناکانی بە تەواوی ئیفلیج کراون.
ئەم ڕاگەیەنراوەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە زیادبوونی چالاکییەکانی داعش لە عێراق و سووریا ڕاگەیاند.
هاوکات باڵیۆزخانەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەگەڵ هاوبەشەکانیان بەردەوام دەبن.

