عەباس عراقچی: ئیسرائیلی گەورە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی نێودەوڵەتی

6 كاتژمێر لەمەوپێش
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە وتارێکدا کە لە ئاستانەی کۆبوونەوەی بەپەلەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، لە تێڕوانینەکانی ئێرانی سەبارەت بە پێشهاتەکانی فەڵەستین و هەنگاوەکانی ئیسرائیل خستەڕوو.
یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، عەباس عراقچی، لە وتارێکدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی "شرق الاوسط" بڵاو کراوەتەوە پلانی 'ئیسرائیلی گەورە'ی وەک مەترسییەکی ڕاستەقینە و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی وەسف کرد.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، کردەکانی ئیسرائیل تەنیا لە سنووری غەززە قەتیس نەبوونە و فراوانکردنی نیشتەجێبوون لە کەناری ڕۆژئاوا، نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆر جوو لە قودس، هێرشە دووبارەکان بۆ سەر لوبنان و سووریا و هەوڵدان بۆ دابەشکردنی وڵاتان، هەموویان نیشانەی پلانە گەورەکەی ئیسرائیلن.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە لێدوان و نەخشە بڵاوکراوەکانی بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە 'ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە'، ئەم بیرۆکەیەی بە ڕاگەیاندنی ئاشکرای سیاسەتی فراوانخوازی لە نیلەوە تا فورات لە قەڵەم دا، کە هەڕەشە لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی وەک سووریا، ئوردن، میسر، لوبنان، کوێت، عێراق و عەربستانی سعوودی دەکات.
عراقچی، ڕەخنەی لە پشتیوانیی زلهێزانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە ئیسرائیل و ڤیتۆکردنی بەردەوامی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش گرت و ئەم پشتیوانییەی بە هاوبەشی لە تاوان و مەترسی بۆ سەر ئاشتیی جیهان لە قەڵەم دا.
وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هەرێمی و جیهانی کرد بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان، خستنەگەڕی فشاری سیاسی و دیپلۆماسی، دادگاییکردنی سەرکردەکانی ئیسرائیل لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و سەپاندنی گەمارۆی سەربازی و ئابووریی فراوان.

