مەسرور بارزانی: پێویستە بەغدا قەرەبووی قوربانییانى بادینان بکاتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکاتەوە.
دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' پەیامێکی بەبۆنەی (37)ـەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی ئەو تاوانە دڕندەیەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکاتەوە و جارێکی دیکە داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات، ئەرکی یاسایی و دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان جێبەجێ بکات.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیران سڵاوی بۆ گیانی پاکی قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان دەنێرێت و دووپاتی دەکاتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و هەوڵەکانی بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم تاوانانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

