ئەحمەد شەرع دەچێتە ئەمریکا

4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەپێى وتەى بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دەرەوەى سوریا، مانگی داهاتوو ئەحمەد شەرع بەشداری لەکۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی سوریا کەناوى خۆى ئاشکرانەکردوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتى سوریا بەشداری لە 80ەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەحمەد شەرع، وتارێک پێشکەش دەکات لە میانەى دانیشتنەکانى کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مانگى داهاتوو نیۆرکى ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. ئەمەش یەکەم وتاری سەرۆک کۆماری سوریا دەبێت لە دوای ساڵی ١٩٦٧ەوە.
ئەحمەد شەرع کە تا ئێستاش کەوتۆتە ژێر سزاکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەبێت لە کاتی گەشتکردندا لێخۆشبوونی تایبەت بەدەستبهێنێت، مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو سەردانی پاریسی کرد و لەوێ لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لێکرا.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە بۆ یەکەمجار لە ٢٥ی نیسان وتارێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، دوای ئەوەی ئاڵای نوێی وڵاتەکەی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک هەڵکرد، شانبەشانی ئاڵای ١٩٢ وڵاتی ئەندام.
تەلەفزیۆنی سوریا لەزاری سەرچاوەیەکەوە ئەوەى بڵاوکردەوە، بڕیارە لەسەردانەکەى مانگی ئەیلولی داهاتوودا بۆ ئەمریکا، ئەحمەد شەرع لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش کۆببێتەوە.

