ناتانیاهۆ: کۆتایی بەغەززە دەهێنین

5 كاتژمێر لەمەوپێش
لە کۆبوونەوەیەکی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل سەبارەت بە دۆخی غەززە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند: "لە غەززە دەستیپێکرد و لە غەززەش کۆتایی دێت." ئەم وتانە لەکاتێکدان کە سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان و ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کردەوە.
ناتانیاهۆ لە بۆنەیەکدا لە قودس، قسەی لەسەر حەماس کرد و گوتی: "ئەو ئەهریمەنانە لەوێ بەجێناهێڵین، هەموو بارمتەکانمان ئازاد دەکەین، دڵنیا دەبینەوە لەوەی غەززە مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست نەکات." هەروەها ئاماژەی بەوەدا حکوومەتەکەی ڕێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات و گوتی: "گوتم ڕێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەین و پێکەوە ئەو کارە دەکەین. ئێمە بەشێک لە خاکەکەمان، نیشتمانمان، بنیات دەنێین و دەستیان پێدەگرین و ئێمەش ئەوە دەکەین.”
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی ڕۆژی سێشەممە بەبێ گفتوگۆکردن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست لە غەززە کۆتایی هاتووە، سەرەڕای ئەوەی چەند ڕۆژێک پێشتر حەماس لەسەری ڕێککەوتبوو. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە کەمتر لە سێ کاتژمێری خایاندووە و "دەنگدانی فەرمی تێدا نەبووە."
لەلایەکی دیکەوە، یایر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، بە توندی هێرشی کردە سەر حکوومەت و ڕایگەیاند: "ئەو ڕاستییەی کە کابینەکە بەبێ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێککەوتنی بارمتەگرتن کۆبووەوە، شەرمەزارییەکی دیکەی ئەخلاقییە بۆ حکوومەتی 7ـی ئۆکتۆبەر."
لاپید جەختی لەوەش کردەوە، بە هەموو ڕاستگۆییەکەوە بە گەلی ئیسرائیل دەڵێم: ڕێککەوتنێک لەسەر مێزەکە هەیە، و ئەگەری هەیە بارمتەکان بگەڕێندرێتەوە سەر ماڵەکانیان و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنرێت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران شەرمەزارییەکی نیشتمانییە، پرسی بارمتە نەوروژێنرا، کەواتە چی ئەوەندە بەپەلەیە بۆ ئەوان؟
لەم چوارچێوەیەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، سەدان هەزار ئیسرائیلی لە سەرانسەری وڵاتدا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ڕێککەوتنێکی خێرا بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکردنی ئەو 50 بارمتەیەیان کرد، کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن. ئەم خۆپیشاندانە بەرفراوانانە فشارێکی زۆر دەخەنە سەر حکوومەتی ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بگرێتەبەر.

