هێرشە زەوینیەکانى ئیسرائیل لە سوریا بەردەوامە

4 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرچاوە تایبەتەکان بە تەلەفزیۆنی سوریایان ڕاگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل لەشەوى ڕابردوەوە هێرشێکی ئاسمانی لە ناوچەی کیسوە لە لادێکانی دیمەشق ئەنجامداوەو، چەند پێگەو شوێنێکی سەربازی کردوەتە ئامانج.

هاوکاتى ئەو هێرشانە هێزە زەوینییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی سووریا، کە رۆژی چوارشەممە و رۆژێک پێشتر بۆردوومانیان کردبوو.
 
ئیسرائیل رۆژی سێشەممە هێرشی کردبووە سەر ناوچەیەکی نزیک کیسوە، لە دەورووبەری دیمەشق و بەوهۆیەوە 6 سەربازی سووریایی کوژران.
 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا، رۆژی چوارشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل دووبارە بۆردوومانی ئەو ناوچەیەیەی سووریایان کردووە.
 
بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری، ئاژانسی هەواڵی سووریا دەڵێت، سوپای سووریا پێش هێرشەکەی رۆژی سێشەممە، "ئامێری چاودێری و سیخوڕییان" لەو ناوچەیەدا دۆزیوەتەوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی سووریاش رایگەیاندووە، ئەو شوێنەی ئیسرائیل بۆردوومانی کردووە، بنکەیەکی پێشووی سەربازیی سووریا بووە لە تەل مانع لە نزیک کیسوە. 
 
دوای هێرشی دووەم لە رۆژی چوارشەممەدا، ئاژانسی هەواڵی سووریا رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل گوازراونەتەوە بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشێک.
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاندووە، ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل بۆردوومانی کردووە، چەکی گرووپی چەکداریی حیزبوڵڵای تێدابووە.
 
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024ـەوە، ئیسرائیل سەتان هێرشی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی سووریا، بە بیانووی ئەوەی کە نایەوێت چەک و جبەخانەی سەربازیی ئەو وڵاتە بکەوێتە دەست دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق.
 
بەرەبەیانی سێشەممە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە خاکی سووریا ناکشێتەوە و لەو ناوچانە دەمێنێتەوە کە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی پار دەستیان بەسەردا گرت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار