کابینەی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی پلانی داگیرکردنی غەززە

دوێنێ
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کابینەی ئەمنی دانیشتنێک ئەنجام بدات بۆ پەسەندکردنی پلانە سەربازییەکان بۆ داگیرکردنی شاری غەززە.
ئەو بەرپرسە لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەی مەعاریف ڕوونی کردەوە کە کارنامەکە باس لە ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو تەنها پلانی سەربازی لەخۆدەگرێت.
هەروەها مەعاریف لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ڕایگەیاندووە، "هیچ ئاماژەیەک نییە کە حەماس ئامادەبێت تاوتوێی مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکات".
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەی کابینەکەدا باس لە سەپاندنی سەروەری بەسەر کەرتی ڕۆژئاوادا دەکرێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ شەپۆلی دانپێدانان بە دەوڵەتێکی فەلەستینی کە چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو.
سەرچاوە پزیشکییەکان باسیان لەوە کردووە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی غەززە لە بەرەبەیانی دوێنێوە زیاتر لە ٨٥ فەلەستینی کوژراون.
هێرشەکانی ڕژێمی ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا چڕ بووەتەوە سەر گەڕەکی ئەلریمال و کەمپی پەنابەرانی ئەلشاتی لە ڕۆژئاوای شاری غەززە و جەبەلیە لە باکووری کەرتی غەززە.
لەلایەکى دیکەوە ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژە دەمامکدارەکەی کەتیبەکانی عیزەددین قەسام - باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، بەگوێرەی بەشێک لە میدیای ئیسرائیل و ناوچەکە، کراوەتە ئامانج و ئەگەری هەیە کوژرابێت.
رۆژی شەممە 30-08-2025، سوپای ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانی بۆسەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری غەززە لە باکووری کەرتەکە، بەرپرسێكی باڵای چالاکی حەماس بەئامانجگیرا."
لە راگەیێندراوەکەیدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بە ئەبو عوبەیدە نەکردووە، بەڵام میدیای ئیسرائیلی لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری، دەڵێن، "ئەوەی کوژراوە ئەبو عوبەیدەیە"، کە ناوی راستەقینەی "حوزەیفە سەمیر عەبدوڵڵا کەحلووت"ه.
