داگیرکردنی غەززە زیاتر حەوت ملیار دۆلارى تێدەچێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری غەززە دەتوانێت لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ملیار شیکڵ (٥.٩-٧.٣ ملیار دۆلار) تێبچێت.

ئاژانسەکە ڕۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و وەزارەتی دارایی تاوتوێی پێویستی زیادکردنی بودجەی بەرگرییان لەژێر ڕۆشنایی ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت حکومەت هەموارکردنەکان پەسەند بکات کە بڕینی بودجە بۆ وەزارەتەکانی دیکە لەخۆبگرێت لە بەرژەوەندی وەزارەتی بەرگری.

ئەو ڕوونیکردەوە کە سوپای ئیسرائیل گەورەترین وەجبەی سەربازانی یەدەگی لە سەرەتای جەنگەوە کۆکردۆتەوە کە ٣٥ هەزاریان تێپەڕاندووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی "ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی گیدۆن ٢". پێشبینی دەکرا لە هەفتەکانی داهاتوودا نزیکەی ٢٥ هەزار سەربازی دیکە پەیوەندییان پێوە بکەن و کۆی ژمارەی سەربازانی یەدەگ بگاتە ٦٠ هەزار سەرباز.

خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل لە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەدا ئامادە دەبێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، ئەمەش دوای ماوەیەکی کورتی مەشقکردن بۆ هێزە یەدەگەکان و ماوەی پشوودان بۆ یەکە ئاساییەکان. 

ئۆپەراسیۆنەکە بە گەمارۆدانی قۆناغ بە قۆناغی شارەکە دەستپێدەکات، دواتر مانۆڕی شەڕ لەناو شارەکەدا دەکرێت، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل- کە لەلایەن دادپەروەری نێودەوڵەتییەوە دەخوازرێت- وەک دوا قەڵای بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی ( حەماس ) وەسفی کردووە.

دەسەڵاتەکە پشتڕاستی کردەوە کە کاتی هێرشە زەمینییەکە پەیوەندی بە چۆڵکردنی بەرفراوانی دانیشتوانی غەززەوە هەیە کە ژمارەیان نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەسە، کە تا ئێستا تەنها ١٠ هەزار کەسیان جێهێشتووە.

لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە ئاماژەیان بەوە کردووە، چۆڵکردنی بەرفراوان دەست پێناکات تا ئەو کاتەی شارەکە گەمارۆ نەدرێت و هێرشەکان چڕتر بکرێنەوە و بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری سنووردار نەکرێن بۆ چوونە ژوورەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری وەرگرتنی هێزە یەدەگەکان لەکاتێکدایە کە ناکۆکی نێوان سەرکردایەتی سیاسی و سەرکردەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان بووە، کە هەندێکیان لەگەڵ گرێبەستی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکاندان نەک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان.

بەگوێرەی کۆمسیۆنەکە، سوپای داگیرکەر بەنیازە زۆربەی لیواکانی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار بکات، جگە لە لیوای پەرەشوتوان کە لە کەرتی ڕۆژئاوا دەمێنێتەوە ، هاوکات سەربازە یەدەگەکان کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی لەگەڵ کەرتی غەززە دەگرنە ئەستۆ.

لە 18ی ئابدا، حەماس ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیارێکی نێوەندگران بۆ ئاگربەستی بەشەکی و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، بەڵام ئیسرائیل بە فەرمی وەڵامی نەدایەوە، سەرەڕای ئەوەی هاوشێوەی پێشنیارێکی پێشوو بوو کە لەلایەن تەلئەبیبەوە پەسەندکرابوو .

بەڵکو ناتانیاهۆ بە بیانووی ئازادکردنی دیلەکان و تێکشکاندنی بزووتنەوەکە پاڵ بە لەشکرکێشی غەززە دەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەیاران و بەرپرسانی پێشوو و تەنانەت سەربازیش گومانیان هەیە، کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەترسی بۆ سەر ژیانی زیندانییەکان دەزانن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار