شێخێکى دروزەکان: سورین لەسەر داواکردنى هەرێمێکی سەربەخۆ

2 كاتژمێر لەمەوپێش



شێخ حیکمەت هیجری، رێبەری رۆحی دروزەکانی سوریا، لە پارێزگای سوەیدا، داوای هەرێمێکى سەربەخۆی کرد و جەختی لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسین کردەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی دروزەکان لە داواکارییەکەی پاشەکشە ناکەن، گرنگ نییە قوربانیدانەکان چەندە.

هەروەها رێبەری رۆحی دروزەکان سوپاسی هەردوو سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کرد بۆ پشتگیریکردنیان و داوای کرد کە دەروازەکانی پەڕینەوە بۆ ناو سوەیدا بکرێتەوە.

لەوتارێکدا کە لە میانی پێشوازیکردنی لە سەرکردەی نوێی "بزووتنەوەی پیاوانی کەرامەت"، مەزید خەداج پێشکەشی کرد، داوای لە "خەڵکی بەشەرەفی جیهان و گەلانی ئازاد کرد کە لەگەڵ کۆمەڵگەی دروزدا بوەستن بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە هەرێمێکی جیا ڕابگەیەنن".

هەروەها پێیوابوو کە "پاسەوانی نیشتمانی" کە بەم دواییە لە گروپە چەکدارەکانی دروز پێکهاتووە، "بە گەرەنتی وڵاتانی پەیوەندیدار بەم بابەتە بەرگری لە خاکەکە دەکەن"، وەک خۆی دەڵێت.

شێخ حیکمەت هیجری داوای گەڕاندنەوەی ئەو گوند و زەوییە دزراوانەشی بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی خۆیان و ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم ڕفێنراوەکان کرد. نزیکەی دە ڕۆژ لەمەوبەر ناوبراو داوای پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پێکهێنانی هەرێمێکی جیاواز کرد.

پارێزگای سوەیدا لە 13ی تەمموزی رابردوودا بۆ ماوەی هەفتەیەک پێکدادانی قورسی لەنێوان چەکدارانی دروز و عەشایەری ناوچەکەدا بەخۆیەوە بینی و دواتر هێزە ئەمنییەکانی حکومەت دەستوەردانیان کرد. بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو ناکۆکییەوە نزیکەی 200هەزار کەس ئاوارە بوون. لە 19ی تەمموزەوە ئاگربەست لە پارێزگاکەدا راگەیەندراوە.

ئەم داواکارییە دروزەکان لەکاتێکدایە  هەفتەی رابردوو ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "هەندێک لایەن پشتیان بە ئیسرائیل بەستووە، بەڵام ناتوانن ئامانجەکانیان بەدیبهێنن"، کە ئاماژەیەک بوو بۆ هەندێک لەو بانگەوازانەی لەلایەن سەرکردە دروزییەکانی سوەیداوە دەکران بۆ سەربەخۆی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار