تورکیا 520 بەنداوی هەیە، ڕێگەنادات ئاو بگاتە عێراق

19 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆژ بەڕۆژ تۆمەتەکان لەسەر تورکیا زیاد دەبن کە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانی بەردانەوەى ئاوەوەو ڕێگرى دەکات لەگەیشتنى ئاوى پێویست بۆ ناو خاکى عێراق. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە عێراق ساڵانە پێویستی بە ٦٠ ملیار مەتر سێجا هەیە، لە کاتێکدا پشکی نێودەوڵەتی ٧٠ ملیار مەتر سێجایە. بەڵام تەنها ٢٠ ملیار مەتر سێجا وەردەگرێت سەرەڕای ئەوەی ئەنقەرە خاوەنی زیاتر لە ٥٢٠ بەنداوی پڕ لە ئاوە.
حاتەم حەمدانی، سەرۆکی دامەزراوەی گەشەپێدانی کشتوکاڵی ئاوی ڕەوافد، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەرى ئەلعالەم جدید جەختی لەوە کردەوە یەدەگی ئاوی عێراق گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی، کە ئێستا مەترسی لەسەر ئاوی خواردنەوە هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "عێراق پێویستی بە 60 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام پشکی نێودەوڵەتی 70 ملیار مەتر سێجایە، لەکاتێکدا تەنها 20 ملیار مەتر سێجا ئاو وەردەگرێت"، ڕەخنەی لە "لاوازی دانوستانکاری عێراقی لە بەدەستهێنانی پشکی دادپەروەرانەی وڵات" گرت.
حاتەم حەمدانى، وتیشى: واقیعی ڕاستەقینەی تورکیا دیارەو بەردانەوەى ئاوو لەوە کەمترە کە باسی لێوە دەکرێت و سەردانە دووبارەکانی سەرکردە عێراقییەکان بۆ تورکیە تەنیا بۆ میدیایە.
جەختى کردەوە، تورکیا بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات و ئەو دەنگۆیانەی باس لە قەیرانی ئاو لەوێ دەکەن درۆیە، ئاماژەی بەوەشکرد کە "520 بەنداوی پڕ لە ئاوی هەیە.
ڕژانی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات کە لە تورکیا سەرچاوە دەگرن، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٨٠% کەمی کردووە، لە کاتێکدا ئێران زۆربەی ئەو چەم و ڕووبارانەی بڕیوە کە بە خاکەکەیدا تێدەپەڕن.
ڕۆژی ٢٥ی ئاب، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە شاری جددەی پایتەختی سعودیە، لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکەکەی، پرسی نەوت و ئاوی تاوتوێ کرد.
لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە عێراق نەیتوانیوە ڕێگەچارەی یەکلاکەرەوە بۆ دووبارەبوونەوەی قەیرانی ئاوی بدۆزێتەوە. بۆتە موزایەدەیەک بۆ وڵاتانی سەرەوە، بەتایبەتی تورکیە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ڕۆیشتنی ئاو بۆ ناو وڵات.
ڕۆژی 7ی ئاب، ڕوقەیا ئەلنووری، ئەندامی پەرلەمانی نوێنەرایەتی بلۆکی ئێستای فورات ئاشکرایکرد، بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، 24 هەزار و 500 خێزان لە ناوخۆی عێراق ئاوارەبوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت شەش ڕێوشوێنی بۆ کەمکردنەوەی شەپۆلی ئاوارەبوون لە باشوور داناوە.
ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی فورات زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، کە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە ئێستاوە بە ڕوونی دیارە لە ڕێگەی کۆچی زۆرەملێی دانیشتووان و کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و مەترسی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.
لە سەرەتای مانگی ئابدا، بەسرە دەیان حاڵەتی پەڵەی پێستی لە پارێزگاکە تۆمارکرد بەهۆی بەرزی چڕیی خوێ لە ئاوەکەدا. هاوکات حکومەتی خۆجێی پەنا بۆ سیستەمی "مارەشنا" دەبات، کە چارەسەرێکی پەچەیە کە بە وتەی پسپۆڕان چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە ناکات.

