فەرماندەی گشتی سوپای ئێران: لەوپەڕی ئامادە باشیدابن
.jpg)
18 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتی سوپای ئێران، دەڵێت: پێویستە لەوپەڕی ئامادەباشیدابین بۆ جەنگ، هۆشداریشدا لە سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەنێوان تاران و ئیسرائیل و واشنتۆن.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" حاتەمی، سەبارەت بە شەڕی (١٢) رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، رایگەیاندووە: تەواوی ئێران لە هێزی زەمینی و بەرگری و ئاسمانی سوپاوە، تا سوپای پاسداران و خەڵک بە گشتی، لە کاتی شەڕی سەپێنراوی ئەم دواییەدا لە دڵی شەڕەکەدا بوون، بە هەموو هێزی خۆیانەوە شەڕیان کرد، بۆ ئەوەی ئێرانی ئیسلامی بۆ هەمیشە بە سەربەرزی لە مێژوودا بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: پرسی ئەتۆمی بیانوی سەرەکی دوژمن بوو، بەڵام ئەوەی کردیان و دەیانویست بیکەن، تەواو جیاواز بوو لە بانگەشەكانیان، نیشانی دا کە دوژمن پلانێکی وردی هەبوو لە دژی گەلی ئازیزو نیشتمان و سیستەمی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە گۆڕەپانەکە بە شانازی و شەرەفەوە دەرچووین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هیچ هاوکارییەکی نوێ سەبارەت بەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی نابێت، تا ئەو کاتەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەگەنە ئەنجام.
وتیشی، ئەو ئێستا رودەدات لە چوارچێوەی میکانیزمی سزاکانی سناپباک، زیادەڕەوییە و هیچ بنەمایەکی راستەقینەی نییە. عراقچی ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی لە دانوستان و شەڕ ناترسێت.

