پێنج پەرلەمانتار دەچنە ئیمرالى بۆ سەردانى ئۆجەلان

6 كاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانى تورکیا، بڵاویانکردەوە پێنج پەرلەمانتارى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە لەچەند ڕۆژى داهاتوو سەردانى ئیمرالى دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆدەبنەوە.
لەهەفتەى ڕابردوودا فەتی یەڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) پێشنیازى ئەوەیکردبوو چەند ئەندامێکى لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا پێکهێنراوە بۆ پرۆسەی چارەسەری، عەبدوڵا ئۆجەلان ببینێت.
یەڵدز باسی لەوەشكردبوو: دەستنیشانكردنی ٣-٤ ئەندامی کۆمیتەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی بە وردی لەلایەن نومان کورتولموش بۆ وەرگرتنی لێدوان لە عەبدوڵا ئۆجەلان، لەگەڵ رەچاوكردنی کات و شێوازەکەی بە وردی، هیچ لاوازییەكی تیادانییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە چەند میدیایەکى تورکیا ئەوەیان ئاشکراکردوە سەرۆکى پەرلەمان بەزارەکى بەو پێشنیارەڕازى بووەو بڕیارە لەچەند ڕۆژى داهاتوو پێنج کەس دیاریبکرێت و سەردانەکە بۆ لاى ئۆجەلان ئەنجامبدرێت.
ئەو تەوەرانەى بڕیارە لەسەردانەکەى ئیمرالى گفتوگۆى لەبارەوەبکرێت هەنگاوەکانى پرۆسەی چارەسەری و پرۆسەی دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئایندەی گروپەکەکانى نزیک لەپەکەکە لە سوریاو عێراق.
کۆمسیۆنی ئاشتی لە 51 ئەندام پێکدێت، بڕیارەکانی کۆمسیۆنیش بە زۆرینەی سێ لەسەر پێنجی دەنگی ئەنجامەکانی دەردەکرێن و نابێت سەرۆکی کۆمسیۆنەکەش دەنگ لەسەر بڕیارەکان بدات.

