عیزەت شابەندەر: لەعێراق گەردەلوول بەڕێوەیە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سیاسەتمەداری ناسراوی عێراق عیزەت شابەندەر، هۆشداری دەدات کە "گەردەلوولێکی بێ وێنە" کە عێراق و سەرجەم پێکهاتەکانی دەکاتە ئامانج لە ڕێگەدایە.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) عیزەت شابەندەر سیاسەتمەداری دیاری عێراق نوسیویەتی، گەردەلوولی داهاتوو، تەنانەت ئەگەر بەهەموو شوێنێکدا بسووڕێتەوە و مەیل و سەرگەردانیش بێت، لەو کاتەدا بێ وێنەیە، گەردەلوولێکی تووڕە و هەڵکشاوە، ئامانجیشی عێراقە بە هەموو پێکهاتەکان بە موسڵمان، کریستیان، عەرەب، کورد، سوننە و شیعەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "باوەڕبوون بە خودا و پێغەمبەرەکانی و بەرگریی نیشتمانیی تۆکمە ئەو قەڵغانەیە کە لە خراپەکارییەکەی دەمانپارێزێت و ئاگرەکەی دەکوژێنێتەوە".
ئەمریکا لەماوەی ڕابردوودا بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی کردووە لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی و پەسەند کردنی لە پەرلەمان، دەستەوەستان ناوەستێت و سزای ئابووریی تووند بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.
شابەندەر سیاسەتمەدارێکی ناسراوە و پێشتر پەرلەمانتار بووە، ئەمساڵیش بە نوێنەرایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو جار سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریای کردووە بۆ تاوتوێ کردنی پرسە هاوبەشەکان و گەیاندنی پەیامی عێراق بە سووریا.

