تەیف سامی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەرلەمانی عێراق دەکرێ

6 كاتژمێر لەمەوپێش



لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر دواکەوتنی مووچەی خانەنشینانی عێراق بڕیاری داوە هەریەکە لە تەیف سامی وەزیری دارایی و محەممەد تەمیم وەزیری پلاندانان و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان بکات.

یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتى: بەفەرمی بانگهێشتنامە بۆ ئەو سێ لایەنە نێردراوە و ڕەنگە کۆبوونەوەکە لەم هەفتەیدا لەنێو لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بکرێت.

ئەم مانگە مووچەی خانەنشینانی عێراق هەفتەیەک دوا کەوتووە و ئەمەش ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە و لەبەرانبەردا وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان پەیوەندی بە کێشەی تەکنیکی و حەواڵەی پارەوە هەبووە لە وەزارەتی دارایی و بابەتەکە پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە نییە و وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەی بودجە پارەی پێویستی لەبەردەستە بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینان.

لای خۆیەوە، ئەمیندارتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سندووقی خانەنشینی ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سندووقی خانەنشینی لەسەر بڕیاری دەستەی خانەنشینی نیشتمانی بووە، بەهۆی نەبوونی ڕێنمایی کارپێکراو بۆ کارەکانی دەستەی خانەنشینی، لەبەر ڕۆشنایی ئەمەش وەزارەتی دارایی ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی دەستەی خانەنشینی ئامادەکردووە و بەپێی ڕەشنووسەکەش سندووقی خانەنشینی یەکێکە لە پێکهاتەکانی دەستەی خانەنشینی، بۆیە پێویستە سندووقی خانەنشینی تاوەکوو دەرچوونی ڕێنمایی نوێ بۆ دەستەکە هەڵبوەشێتەوە.

هەروەها ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە خراوەتە ژێر پێداچوونەوەی یاسایی و دواتر بە پێی چوارچێوەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان ئاراستەی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ دەنگدان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار