کاتز: ئەمڕۆ زریانێکی گەورە ئاسمانی غەززە دەگرێتەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ییسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەکانی خۆی لە دژی شاری غەززە نوێکردەوە، کە بۆردومانی قورسی ئیسرائیلی لەسەرە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش، ڕایگەیاند: لە ئایندەیەکی زۆر نزیک، لەبارەی پرسی غەززە دەگەینە ڕێککەوتن.
ڕۆژی دووشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئیسرائیل کاتز لە تویتێکدا نووسیویەتی: ئەمڕۆ زریانێکی گەورە ئاسمانی شاری غەززە دەگرێت و سەقفی تاوەرە تیرۆریستییەکان دەلەرزێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە هۆشداری کۆتاییە بۆ ئەندامان و سەرکردەکانی حەماس لە غەززە و لە هۆتێلە لوکسەکانی دەرەوەی وڵات". لە درێژەدا وتی: بارمتەکان ئازاد بکەن و چەکەکانتان دابنێن، ئەگەرنا غەززە و لەناو دەچێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە سوپای ئیسرائیل "بەردەوامە لە کارکردن بەپێی پلانەکە، و ئامادەکاری دەکات بۆ فراوانکردنی بازنەی مانۆڕەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی غەززە ".
لەلایەکى دیکەوە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای گەڕانەوەی لە یارییەکانی کۆتایی پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی لە نیوۆرک، ئەنجامیدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند: ڕێککەوتن لەبارەی دۆخی غەززە زۆر نزیکە، گوتیشی: ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە، سەرۆکانی وڵاتانی ئەورووپا دەگەنە ئەمەریکا و لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی ڕێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەکرێت، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەگەڵ ڤلادمێر پوتن قسە دەکات.
ئەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدا هات کە، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: لەگەڵ نێوەندگیرەکان گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنی بەرانبەر بگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، هاوکات بارمتەکان ئازاد بکرێن.

