شەش ئیسرائیلى لەهێرشێکى چەکدارى لە قودس کوژران

8 كاتژمێر لەمەوپێش
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئۆرشەلیم/قودس، پێنج کەس کوژران. فریاگوزاریی ئیسرائیل دەڵێت، هەشت کەس گیانى لەدەستداوەو نزیکەى ١٥ کەسى دیکەش بریندارن هەندێکیان دۆخیان ناجێگیرە، دوو کەس لەکوژراوەکان هێرشکەرانن.
پێشنیوەڕۆ ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە، 08-09-2025، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر شارۆچکەی ڕامۆت لە نزیک قودس، شەش کەس کوژراون و ١٥ کەسی دیکەش برینداربون، دوابەدوای هێرشەکەش سوپای ئیسرائیل هێرشی کردوەتە سەر کەمپی پەنابەرانی قەلەندییە لە باکوری قودسی ڕۆژهەڵات.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە حاخامێک لەنێو کوژراوەکاندا بووە، چوار لەو کەسانە هەر لەشوێنى ڕووداوەکە گیانیان لەدەستداوەو دووکەسی دیکەشیان بەهۆى سەختی برینەکانیان لەنەخۆشخانە مردوون.
بزووتنەوەی حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و لایەنە فەلەستینییەکان پشتیوانى ئەو هێرشەیانکردوەو دەڵێن ئەو ئۆپراسیۆنە وەڵامێکی سروشتیە بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵسەنگاندنی بارودۆخی لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوە ئەمنییەکان کۆکردەوە و دواتر گەیشتە شوێنی هێرشەکە. ڕایگەیاند "لە چەند بەرەیەکدا لە شەڕێکی توندداین دژی تیرۆر".
ئەو وتیشى: دەمەوێت سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری کوژراوەکان و بریندارەکان بکەم. بەدواداچوون و گەمارۆدانی ئەو گوندانەی تیرۆریستان لێیەوە سەریان هەڵداوە، بەردەوامە. حەماس لەناو دەبەین و هەموو بارمتەکانمان ئازاد دەکەین. ئەم بەیانییە لە جولەکە و سامریا بەداخەوە هێرشەکەمان پووچەڵ نەکردەوە. داوا لە سیستمی داد دەکەم بەشداری شەڕی تیرۆریزم بکات.
دوابەدوای هێرشەکە، سەرجەم دەروازەکانی دەوروبەری قودس داخران و گەمارۆیەک بەسەر چەند گوندێکی شاری بینامیندا سەپێندرا، لەو ناوچەیەی تیرۆریستان لێیەوە هاتوون . هێزەکانی IDF بڵاوەپێکران و دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، بە هاوکاری پۆلیس.
پۆلیسی ئیسرائیل لەبارەی ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە زانیاریی زۆری بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام گوتی دوو تەقەکەریان کوشتووە. واتە کۆی گشتیی کوژراوەکان بە تەقەکارانەوە، تاوەکو ئێستا 7 کەسن.
بەگوێرەی پۆلیس، دوو تەقەکەرەکە بە ئۆتۆمبێلێک چوونەتە چواڕیانی رامۆت، لەوێ تەقەیان لە وێستگەیەکی پاس کردووە کە خەڵکی تێدابووە. دواتر، پۆلیسێک و سڤیلێک کە چەکی پێبووە، تەقەیان لەو دوو کەسە کردووە.
پۆلیسی ئیسرائیل بڵاویکردەوە: "هێزێکی گەورەی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە، یەکەی پووچەڵکردنەوەی بۆمب لەوە دڵنیا دەبنەوە ناوچەکە ئارام و سەلامەتە، تیمەکانی دادپزیشکیش بەڵگە کۆدەکەنەوە."
