تورکيا سەرقاڵى ئامادەکاری هێرشە بۆ سەر ناوچەکانى هەسەدە

10 كاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە بەپێى وتەى چەند سەرچاوەیەک دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی میتەوە لە سووریا بناغەی پلانێکی هێرش دادەنێت بۆ سەر ناوچەکانى هەسەدە، بەبیانووى ئەوەى گوایە هەسەدە لەسەر سنوورەکانیان چەکی قورسی داناوە، دەیانەوێت فشارەکان زیاتر بکەن و ڕای گشتی ئامادەکەن بۆی.
بەپێى ئەو ڕاپۆرتانەى میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردوەتەوە، ئاشکرابووە کە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی میتەوە لە سووریا بناغەی پلانێکی گڵاو دادەنێتن چەند هەنگاوێکیشى بۆ ئەومەبەستەناوە.
سەرچاوەکان ئەوە دەخەنەڕوو لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان بۆ بناغەی شەڕێکی نوێ ئامادە دەکەن، بە پڕوپاگەندەی ناڕاستی وەک گوایە قەسەدە لەسەر سنوورەکانیان چەکی قورسی داناوە، دەیانەوێت فشارەکان زیاتر بکەن و ڕای گشتی بۆ هێرشەکان ئامادە بکەن.
لە لایەکی دیکەوە بە هەماهەنگیی میت هەوڵ دەدەن بە ناوی عەشیرەتە عەرەبەکانەوە چەتەکان و گرووپی دیکە ڕێکخستن بکەن و بەشداری هێرشەکان بکەن.
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە دەوڵەتی تورک لە سووریا هێزێکی داگیرکەرە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە. ئەم قۆناغە بۆ سووریا گەورەترین مەترسی دەوڵەتی تورکە. بە هەموو ڕێ و ڕێبازەکانی دەستوەردان لە کێشەکانی سووریا دەکات. نەک بۆ چارەسەری بەڵکو بۆ قووڵکردنەوەی ئاڵۆزی و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ هەمووشتێک دەکات.
بۆ ئەوەی گەلانی کورد و عەرەب لە بەرانبەر یەک بوەستنەوە هەموو فێڵ و تەڵەکەیەک ئەنجام دەدات. سەرەڕای ئەم کارە گڵاو و قێزەونانە، لە قسەکانی هاوپەیمانی کورد-تورک-عەرەب پاشەکشە ناکەن.
لە لایەکی دیکەوە هەتەشە-جۆلانی کە سەرخۆشی دەسەڵاتبووە، بووەتە بوکەڵەیەکی دەوڵەتی تورک و بە پێی فەرمانی ئەوان مامەڵە دەکات. هەربۆیە نە چارەسەری، نە ئازادی و نە دیموکراسی تێناگەن. تورکیاش پشتگیری هەتەشە دەکات، ڕێگری لە دیموکراتیزەبوونی سووریا و هەموو ڕێگەکانی چارەسەری دەگرێت.
لایەنیکەم ڕژێمی بەعس لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک وەستا و لەگەڵیان کۆبوونەوەی ئەنجام نەدا، بەڵام دەسەڵاتی جۆلانی ناتوانێت ئەم ئیرادەیە نیشان بدات و لەبەردەم داگیرکاری ئەوان لە سەر سووریا بوەستێتەوە.
ڕێکەوتنی ١٠ی ئادار لە نێوان قەسەدە و دەسەڵاتی جۆلانی واژۆکرا، وەک بنێشت لە دەمی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دایە. هەمووجارێک قەسەدە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێکەوتنە تاوانبار دەکەن و ئەمەش وەک هۆکاری هێرشەکانیان دەبینن، بەڵام هەمووکەسێک دەزانێت دەوڵەتی تورک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە ئاستەنگییە و ڕێگە نادات جێبەجێ بکرێت.
هەرچەندە کۆبوونەوە لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەسەڵاتی دیمەشقدا بەردەوام بێت، ئاشکرایە هیچ ئەنجامێکی نابێت. تاوەکو دیمەشق بە ئەقڵی تورکیا مامەڵە بکات، دیموکراتیزەبوون بە دی نایەت. ڕاستییەک هەیە و هەمووکەسێک دەڵێت، "سووریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠١١." چونکە هەلومەرجەکان گۆڕاون، سووریا گۆڕاوە و هەرێمەکەش گۆڕاوە. دەبێت دەوڵەتی تورک و دیمەشقیش ئەم ڕاستییە بزانن و سیاسەتێکی واقیعی و عەقڵانی بە پێی ئە ڕاستییە پەیڕەو بکەن. لەم ساتەوە هێرش لە دژی کورد نە بۆ تورکیا و نە بۆ دیمەشق هیچ سوودێکی نابێت. بە پێچەوانەوە زیان لە هەردوو وڵاتەکە و هەرێمەکە دەدات.
