هێرشەکەی قەتەر ئەنجامە خوازراوەکەی بەدەست نەهێنا

5 كاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنن هێرشی دەوحە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر پلانی بۆ دانرابوو، وەزیرى بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێتت دەستمان دەگاتە سەرکردەکانی حەماس لە هەموو شوێنێک، ئەوانیش ناتوانن خۆیان بشارنەوە.
ئێوارەى دوینێ (سێشەممە) ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی ئاسمانی بۆ سەر شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر کرد، ئیسرائیلییەکان دەڵێن، هێرشەکە ئامانجەکەی کۆبوونەوەی سەرکردە باڵاکانی حەماس بووە کە لەکاتی هێرشەکەدا، شاندی حەماس تاوتوێی پێشنیازە نوێیەکەی ئەمریکایان دەکرد بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە.
هێرشەکەی ئیسرائیل بە ناوی "لووتکەی ئاگر" بوو. بە زیاتر لە 10 فڕۆکەی جەنگی و بەکارهێنانی مووشەکی وردبین و دوورمەودا، کرا. ئامانجەکەشیان باڵەخانەیەکی ناوچەی کەتارا بووە کە بەرپرسانی باڵای حەماسی تێدا نیشتەجێ بوون.
دەزگاى پەخشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاند کە پێدەچێت هێرشەکەی قەتەر ئەنجامە خوازراوەکەی نەتەنیاهۆ و حکومەتى ئیسرائیلى بەدەست نەهێنابێت.
پێشتر ڕۆژنامەی ماریڤی ئیسرائیلی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنی دۆحە چەند هەفتەیەکە پلانی بۆ دانراوە و ئاماژەی بەوەدا کە دەزگای ئاسایشی شاباک چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی هێرشەکەی قەتەر دەکات.
ماریڤ لە زاری بەرپرسێکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، "هیچ کەسێک لە بیناکەی دۆحە نەیدەتوانی ڕزگاری بێت" لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریی دا، "دەستی ئێمە دەگاتە سەرکردەکانی حەماس لە هەموو شوێنێک، ئەوانیش ناتوانن خۆیان بشارنەوە"، سوێندیشی داوە سەرکردەکانی غەززە و حەماس لەناوببەن "ئەگەر مەرجەکانی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە قبوڵ نەکەن".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل زیادی کرد: هەرکەسێک بەشداری لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کردبێت، تەواوی باجەکەی دەدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەناڵی ئیسرائیلی برۆدکاستینگ بڵاویکردەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریدا هێرشەکەی دۆحە ئەنجام بدات سەرەڕای ناڕەزایەتی سەرکردە ئەمنییەکان سەبارەت بە کاتی هێرشەکە.
لەدوای هێرشەکە، ئیسرائیل رایگەیاند "گەشبینە" بە ئەنجامەکەی و سەرکەتوو بووە. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی بە هەنگاوێک وەسف کرد کە ئەگەری هەیە کۆتایی بە جەنگی غەززە بهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە حەماس هێرشەکەی بە شکست زانی و جەختی کردەوە کە هیچ کام لە سەرکردە باڵاکانیان نەکوژراون.
بەگوێرەی زانیاریی گرووپەکە، پێنج کەس لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستدا: هیمام حەیا، کوڕی خەلیل حەیا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس، جیهاد لەبەد ئەبو بیلالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل حەیا و سێ لە یاریدەدەرەکانیان. دواتر قەتەر رایگەیاند، یەکێک لە کارمەندانی ئاسایشی قەتەریش لەو هێرشەدا کوژراوە.
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل پێشبینیکراوە لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بەرپرسی باڵای حەماسی تێدا ئامادەبن، لەوانەش: خەلیل حەیا، زاهیر جەبارین، محەممەد دەروێش، نزار عەوادەڵڵا و خالید مەشعەل. بێجگە لە خەلیل حەیا، تاوەکو ئێستا حەماس هیچ زانیارییەکی لەبارەی چارەنووسی سەرکردەکانی دیکەی رانگەیاندووە.
