بەهۆى هەڕەشەیەکى توندى ترەمپەوە توێژەرە ئیسرائیلەکە ئازادکرا

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هاوڵاتى
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (10) رۆژ لەمەوبەر لە ڕێگەی نێردراوێکی ئەمریکییەوە، نامەیەکی توندی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق کردووە، هەڕەشەی بۆردومانكردنی (15) پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی كردووە لە بەغدادو چەند شارێکی تری عێراق، ئەگەر لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەلیزابێس تسورکۆڤ ئازاد نەکرێت، ترەمپ لە نامەكەیدا بە روونی ئەو شوێنانەشی دەستنیشانكردبوو كە بۆردومان دەكرێن.
ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردوو پاش زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە رفاندنی، دواجار سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا، ئازادکردنی ژنە توێژەرى ئیسرائیلی – رووسی، ئێلیزابێس تسورکۆڤیان راگەیاند.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تۆڕی ئێکس نووسیبوى، "پاش چەند مانگێک لەهەوڵدانی گەورەی هێزە ئەمنییەکان، دواجار توانرا هاوڵاتییەکی رووسی بەناوی ئێلیزابێس تسورکۆڤ، ئازاد بکرێت".
ماڵپەری "ارم نیوز" كە ئەو زانیارییانەی لە زاری سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراقەوە بڵاوكردووەتەوە، راشیگەیاندووە: سودانی دەستبەجێ دەستی بە جموجۆڵ كردووەو، جدیبونی هەڕەشەكانی بۆ سەرکردەكانی حەشدی شەعبی خستووەتەڕوو و (واسق بەتات)ی راوێژکاریشی رەوانەی لای (ئەبو حسێن ئەلحمێداوی) ئەمینداری گشتی كەتائیبی حیزبوڵای کردووەو، جەختی لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بەو قەیرانە کردووەتەوە بەهۆی کاردانەوە مەترسیدارەکانی بۆ سەر عێراق.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای زنجیرەیەک پەیوەندی ناوخۆیی و دەرەکی، حمێداوی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ لەچوارچێوەی رێککەوتنێک لەبەرامبەر ئازادکردنی کاپتن (عیماد ئەمهەز) ئەندامی حزبوڵای لوبنانی لە لایەن ئیسرائیلەوە، ئەمە جگە لە ئازادکردنی کوڕەکەی حمێداوی و ژمارەیەک لە ئەندامانی كەتائبیی حزبوڵا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کە دوای پێکدادانێکی چەکداری لەگەڵ پۆلیسی عێراق لە باشوری بەغداد دەستگیرکران، كە بەهۆی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرێكی گشتی فەرمانگەی کشتوکاڵی بەغداد سەریهەڵداو سەر بەو گروپە بوو.
