ئیسرائیل:لەسوریا گروپێکمان دەستگیرکردوە سەر بەسوپای قودس بوون
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە سوریا ئەنجامداوە، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند شانەیەک کە گوایە پەیوەندییان بە سوپای قودسی ئێرانەوە هەیە.
ئەڤیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سەربازى سوپاى ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکی ورددا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل "لە چەند مانگی ڕابردوودا لە سوریا ئەو شانانەیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن یەکەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ٨٤٠ی سوپای قودسی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە گواستراونەتەوە بۆ ئیسرائیل. هەروەها باسى لەوەکردوە "ئەم شانانە لەلایەن یەکەی ٨٤٠ەوە ئاڕاستە کراون بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی دژی ئیسرائیل".
وتەبێژەکەى سوپا دەشلێت: لەماوەى مانگەکانى ئازار و نیسانى ڕابردوودا (٣و٤) دوو ئەندامى یەکەى ٨٤٠ لەسەر خاکى سوریا دەستگیرکراون، هەروەها ئاماژەی بە دەستگیرکردنی شانەکانی دیکە کرد کە "بە ناوی یەکەی 840 لەلایەن کەسانی لوبنانی قاسم سەڵاح ئەلحوسێنی و محەمەد شوعەیبەوە کاردەکران، کە مانگی ڕابردوو لە لوبنان لەناوچوون". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان "لە کاریگەرترین گروپەکانی میحوەری قاچاخکردنی چەک لە ئێرانەوە بۆ کەناری ڕۆژئاوا و بەرەی باکوور".
ئەڤیخای ڕوونیشیکردەوە، دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک ئەندام دەرکەوت کە هەندێکیان نەیانزانیوە کار بۆ کێ دەکەن و دەڵێت، زۆرجار بۆ ئەو ئەرکە دامەزراون بەبێ ئەوەی پاڵنەری ڕاستەقینەی یەکەکە ئاشکرابکرێت و لە ڕێگەی بەرتیلدانی داراییەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر "کەمپەکانی سوپای سوریا لە ڕۆژهەڵاتی وڵات کە لەلایەن ئەم یەکەیە بەکارهێنراون". ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای قودس دۆخی لوبنانییەکان و سوریاییەکان دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی فێڵ و بەرتیلەوە وەریانبگرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە".
