حەماس: خەلیل حەییا زیندووەو نوێژی مردووى بۆ کوڕەکەى ئەنجامدا

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بزووتنەوەی ئیسلامی (حەماس) ڕایگەیاند خەلیل حەییا، ڕێبەری بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە زیندووەو لەڕێوشوێنێکى ئەمنى توندا نوێژی پرسەی بۆ کوڕەکەی و حەمام و شەهیدانی دیکە لە دۆحە ئەنجامداوە.

ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى لە بەیاننامەیەکدا حەماس دەڵێن: برا موجاهید دوکتور خەلیل حەییا، بەرپرسی باڵاى بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، نوێژی پرسەی بۆ کوڕە شەهیدەکەی، حەمام و شەهیدانی هەوڵی تیرۆری خیانەتکارانە لە دۆحە ئەنجامدا، ئەمەش دوابەدوای ڕێکخستنە ئەمنییەکانی تایبەت لە ویلایەتی قەتەر".

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئەمڕۆ چوارشەممە کوژرانی جیهاد ڕیاح حەسەن لاباد، بەڕێوەبەری نووسینگەی خەلیل ئەلحەیای پشتڕاستکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەى رۆژی سێشەممە 09-09-2025 ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی ئاسمانیی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر. ئیسرائیل گوتی، لەو هێرشە چەند سەرکردەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج، لەوانەش خەلیل حەییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و یەکێکە لە سەرکردە هەرە باڵاکانی بزووتنەوەکە. حەماس رایگەیاند، بەرپرسە فەلەستینییەکان کە بۆ دانوستاندنی ئاگربەست چووبوونە ئەوێ، رزگاریان بووە.

لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، ئیسرائیل چەندین بەرپرسی حەماسی کوشتووە، بەڵام بزووتنەوەکە هێشتا ژمارەیەک سەرکردەی ماون، کە ئامانجی ئیسرائیلن.

لای خۆیەوە حەماس ڕایگەیاند کە شاندی دانوستانکاری بە سەرۆکایەتی خەلیل ئەلحەیە لە هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاریان بووە. بەڵام کوڕەکەی بە ناوی حەمام و جیهاد لەباد بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەلحەیە و سێ پاسەوان کە بریتین لە عەبدوڵڵا عەبدولواحید و موئامین حەسونە و ئەحمەد ئەلمەملوک کوژران.

هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سەکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بێپێشینە و چاوەڕواننەکراو بوو، ئەوەش دەرخەری گۆڕانکاریی گەورەیە لە سیاسەتی نوێی ئیسرائیل بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە.

 ئیسرائیل چیتر بە زمانی دیپلۆماسی و مۆدێلی رۆژئاوایی سیاسەت لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکات، بەڵکو زمانی هێز و مۆدێلی رۆژهەڵاتی بەکاردەهێنێت، چونکە بەو شێوەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیسرائیل تێدەگەن، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی شیکاریی پێگەی جیروسلام پۆستى ئیسرائیلى.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار