پارێزەران بۆ دیداری ئۆجەلان بەرەو ئیمراڵی کەوتنەڕێ

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بەرەبەرانى ئەمڕۆ دووشەممە دوای شەش ساڵ، پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان بەرەو ئیمراڵی بەڕێکەوتن.

 پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدولا ئۆجەلان بەرەو ئیمراڵی کەوتنەڕێ، لەنێو شاندەکەی پارێزەراندا کە دیدارەکە ئەنجام دەدەن، جەنگیز یورەکلی و ڕازیە ئۆزتورک و ئیبراهیم بیلمەز هەن.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە 26 ساڵ لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵی لە پارێزگای بورسا زیندانیکراوە. 

دواینجار پارێزەرانى عەبدوڵا ئۆجەلان رۆژى دووى مانگى پێنجى ساڵى ٢٠١٩ رێگەیان پێدراوە سەردانى ئیمرالى بکەن و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت.

بەر لە دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پرۆسەی چارەسەری، هەر چوار پارێزەرەکەی ئۆجەلان لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە 300 داواکارییان پێشکێش کردبوو بۆ دیداری ئۆجەلان، سەرجەمیان رەتکرانەوە. 

ئەم سەردانە لەکاتێکدایە هەفتەى پێشوو وتەبێژی دەم پارتی، وتى: لە هەفتەی داهاتوودا، شاندێکی بەرفراوانی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی دەکات،  کە هاوسەرۆکانی گشتی پارتەکەشمانی تێدادەبێت. ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد لە پلانسازییداین بۆ ڕێکخستنی سەردانییەکە، بەڵام ڕۆژی سەردانەکەی دیاری نەکرد.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ساڵی 1978 دا پەکەکەی دامەزراند و لە 1984ـەوە شەڕی چەکداری لە دژی تورکیا راگەیاند. ئۆجەلان لە 15ـی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و گوازرایەوە تورکیا. ماوەی 26 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی بەندکراوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار