ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوە لەسەر مووچە و هەناردەى نەوت دەکرێت 

2 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوەی گرنگ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی دەوڵەت تایبەت بە یەکلاکردنەوەی مووچە و شایستە داراییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی داهاتی نا نەوتی بکرێن.

رۆژى سێشەممە کاتژمێر 09:00 بەیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەکرێت، کە دوو ڕاوێژکاری هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکانی دارایی و داد بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن، کە تێیدا لەگەڵ 23 ڕاوێژکاری و دادوەر تاوتوێ ڕەشنووسەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکەن، دواتر ڕاوێژی یاسایی خۆیان دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران.

 هەر ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتژمێر یەک دەکرێت و تێیدا باس لە پرسی داهاتی نا نەوتی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوول دەکرێت؛ هەرچەندە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەشدا نییە، بەڵام لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەو پرسانە دەخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکە.

لەبارەی هۆکاری ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردبوو ئەو پرسە لەلایەن دادگای فیدراڵی یەکلا بکرێتەوە  شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوا داوای کردووە، چونکە ئەنجوومەنی دەوڵەت ناتوانێت بڕیار لەسەر پرسەکە بدات، بەڵام دادگای فیدراڵی دەتوانێت پێداچوونەوە بە ڕەشنووسەکان بکات و بڕیاریش بدات؛ شاندەکە باسیان لەوەش کردووە کە دەبێت بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و بوودجە بڕیار بدرێت.

لەلایەکى دیکەوە دوێنێ وەزیری سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کونسوڵی چین کۆبوویەوەو باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان دەڵێت: بەمنزیکانە ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار