ناتانیاهۆ: ئۆپەراسیۆنێکی بەهێزمان لەغەززە دەستپێکردووە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت دەوڵەتی ئیسرائیل لە قۆناغێکی چارەنووسسازدایە و ئاماژەى بەوەکرد ئۆپەراسیۆنێکی بەهێزمان لەغەززە دەستپێکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بۆ جاری ٤٤هەمین لە دادگاییکردنیدا ئیفادە دەدات، لێکۆڵینەوە چەقبەستووەکانی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە سوپاى ئیسرائیل لەشەوى ڕابردووە هێرشەکانی لە غەززە دەستپێکردوەتەوەو ماوەى دادگاییکردنەکەشى ٨ کاتژمێر و نیو دەخایەنێت، تا کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکوەزیران گلەیی لە درێژایی چاوەڕوانکراوەکەی کرد و پشتڕاستیکردەوە کە ئیسرائیل "ئۆپەراسیۆنێکی بەهێز لە غەززە" دەستیپێکردووە.
دوو بەرپرسی ئیسرائیلی پێشتر بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاستیان کردبووەوە کە سوپای ئیسرائیل لە ئێستاوە دەستی بە لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر شاری غەززە کردووە. کەناڵەکە لە زاری یەکێک لە بەرپرسانەوە بڵاویکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە شاری غەززە لە سەرەتادا "بە هێواشى و وردە وردە" دەبێت.
بە گوێرەی ئەو شایەتحاڵانەی کە لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس قسەیان کردووە، شاری غەززە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە تووشی بۆردومانی قورسی ئیسرائیل بووە. ئەمەش دوای ڕۆژێک هات لە سەردانی مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل و بە مەبەستی دەربڕینی پاڵپشتی.
تەلەفزیۆنی فەلەستینی ڕایگەیاند کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ٣٨ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون.
وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین ڕۆژی سێشەممە داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی "ناوازە و بەپەلە"ی کرد بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕاگرتنی "تاوانە گەورەکان" لە شاری غەززە، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی هێرشی زەمینی خۆی بۆ سەر ئەو شارە ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی ڕوودەدات پێداگرییە لەسەر بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و گۆڕینی شاری غەززە بۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵ و زەوییەکی ناجێگیری نیشتەجێبوون، هەروەک چۆن ڕووبەری فراوانتری کەرتی غەززە، نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی ناچاردەکات هەڵبێن و لە بازنەیەکی توندی مردندا بجوڵێن، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی فەلەستین (وافا).
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی، عەقید ئەڤیخای ئەدرەعی، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل "دەستیکردووە بە لەناوبردنی ژێرخانی حەماس لە شاری غەززە"، بەمەش دەستپێکردنی هێرشە سەرەکییەکانی ناوچەکە پشتڕاستکردەوە.

