ئاڵدار خەلیل: لامەرکەزییەت چارەسەری داهاتووی سووریایە

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە لە دۆخی ئێستای سووریادا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بە رەوا نابینن، چونکە حکومەتی دیمەشق سیستەمێکی دیموکراسیی بنیاتنەناوە و هەڵبژاردن بەبێ یەکێتیی نەتەوەیی سەرناکەوێت. هاوکات خەلیل لامەرکەزییەت بە باشترین چارەسەر بۆ داهاتووی سووریا دەزانێت و ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ گفتوگۆ لەسەری.

ئاڵدار خەلیل، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پەیەدە، لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە، کە لە بارودۆخی پڕ ئاڵۆزیی ئێستای سووریادا، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی سووریا بە شیاو و رەوا نازانن. ئەو روونی کردەوە، کە هەڵبژاردن بە واتای دیموکراسی دێت، بەڵام حکومەتی نوێی دیمەشق تا ئێستا هیچ سیستەمێکی دیموکراسیی دامەزراندووە. بە گووتەی خەلیل، نەبوونی بنەمایەکی دیموکراسیی راستەقینە و یەکێتیی نەتەوەیی وای لێدەکات هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن لە ئێستادا سەرکەوتوو نەبێت و کێشەکان قوڵتر بکاتەوە.

لەسەر پرسی قۆناغی داهاتووی سووریا و دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی، ئاڵدار خەلیل پێیوایە کە "باشترین چارەسەر بۆ دۆخی سووریا سیستەمی لامەرکەزییە." ئەم رێگاچارەیە، بە بڕوای پەیەدە، دەتوانێت ماف و خواستەکانی پێکهاتە جیاوازەکان لە ناو سووریادا دابین بکات و بەشداریکردنیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا مسۆگەر بکات. خەلیل ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەوان ئامادەن جۆرەکانی سیستەمی لامەرکەزییەت لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق تاوتوێ بکەن. ئەمەش نیشانەیەک بۆ کرانەوەیان لە گفتوگۆیەکی جددی و بنیاتنەرانەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی درێژخایەن و سەقامگیر لە سووریادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار