فەڕەنسا پێشنیازى کردوە دانوستانەکانى هەسەدەو دیشق لە هەرێم بکرێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش
تەلەفزیۆنى فەرمى سوریا لەزارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە گواستییەوە، وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا پێشنیازی بۆ دیمەشق و هەسەدە کردووە دانوستانەکان بۆ هەرێمى کوردستان، ئوردن یاخود سعودیە بگوازنەوە، بەرپرسێکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکراتیش دەڵێت رێککەوتنى 10ى ئازار بە جێبەجێنەکراوى ماوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا هەروەها لەگەڵ بەرپرسانى هەسەدە تاوتوێی فراوانکردنى ئەو وڵاتانەیان کردووە کە دەکرێت رێککەوتنى هەسەدە و دیمەشق لە خۆبگرن، لەناویاندا وڵاتانى عەرەبى و هەرێمى و تورکیا.
بەڵام ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە کە "حکومەتی سوریا پابەندە بە هەڵوێستی خۆیەوە کە دەبێت کۆبوونەوەکە لە دیمەشق بەڕێوەبچێت".
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "کێشەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات پرسگەلێکی ناوخۆیی و نیشتمانین کە دەبێت چارەسەر بکرێن و گفتوگۆی لەسەر بکرێن لەنێوان خودی سوورییەکاندا، لەناوخۆی وڵاتدا، نەک لەدەرەوەی ئەو وڵاتە".
لەدواى رێککەوتنى 10ى ئازارى نێوان مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا، گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەکە ئەنجامدرا، بەڵام ئەنجامێکى ئەوتۆیان لێنەکەوتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی هەسەدەش بۆ تەلەفزیۆنی سوریا پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات وەستاون تەنانەت پێش ئەوەی دیمەشق ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پاریس ڕابگەیەنێت. ئەمەش لە وەڵامی "کۆنفرانسی پێکهاتەکان" بوو کە ئەم دووەمیان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا لە حەسەکە ڕێکخستبوو.
عەلى رەحمون جێگرى هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات بە ئاژانسى نۆرس پرێسى راگەیاند، رێککەوتنی 10ی ئازار لەدوای واژۆکردنی هیچ پێشکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، سەرەڕای ڕێککەوتن لەسەر بنەما گشتییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕگەی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بەشداریکردنی هەموو سوریاییەکان لە دامودەزگا و ئیدارەکانی دەوڵەتدا دیاریکردووە، "بەڵام ئەوەی ڕوویدا، دوورخستنەوەی زۆرینەی گەلی سوریا بوو، هەروەها سنووردارکردنی دامەزراوە و وەزارەتەکان بوو بۆ گروپێکی سنووردار بۆ حکومەتی نوێ".
روونیشیکردەوە، "حکومەت هەوڵدەدات خۆی لە پابەندبوونەکانی بدزێتەوە لەکاتێکدا سورییەکان درک بەوە دەکەن ڕێککەوتنەکە لە هەلومەرجێکی سەختدا کراوە".
سەبارەت بە بڕیارەکەی حکومەتی سوریا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، رەحمون وتی، "ناتوانرێت بە هەڵبژاردنی راستەقینە هەژمار بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی دوورخستنەوەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە یەک لەسەر سێی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، لەگەڵ سوەیدا و بەشێکی زۆری پەنابەرانی سوریا لە دەرەوەی وڵات".
رۆژى 10 ى ئازارى 2025، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رێككەوتنێكی هەشت خاڵیان واژۆكرد، كە تێیدا جەخت لە تێكەڵكردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە گەڵ دیمەشق كراوەتەوە.
رێككەوتنەكە لەلایەن هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعەوە واژۆكراوە دوای كۆبوونەوەی نێوانیان لەرۆژی 10 ی ئازاری 2025، كە تایبەتە بە تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حكومەتی دیمەشق، راگەیاندنی ئاگربەست و مافەكانی كورد لە دەستور، ئەوەش بەپێی دەقی رێككەوتنەكە كە سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردووەتەوە.
خاڵی یەكەمی رێككەوتنەكە تایبەتە بە گرەنتی مافی سەرجەم هاوڵاتییانی سوریا لە نوێنەرایەتی و بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت، خاڵی دووەمیش تاییەتە بەوەی كە مافە دەستورییەكانی كورد گرەنتی دەكرێت و كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا.

