ئیلهام ئەحمەد: سوریای نوێ پێویستی بەگۆڕینی دەستورە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند: دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا تا ئێستا ئەنجامێکی کەمی بەدیهێناوە، هۆکاری خاوی جێبەجێکردنی بڕگەكانی رێککەوتنی (10)ی ئازاریشی خستە ئەستۆی دیمەشق.
ئیلهام ئەحمەد، رەخنەی لە حکومەتی سوریا گرت و وتى: حکومەتی راگوزەر بەنیازە تاکڕەوانە کۆنترۆڵی بەسەر هەموو شتێکدا هەبێت، سوریای نوێش پێویستی بە سیستمێکی نا ناوەندییە، وتیشی: لەگەڵ حکومەتی راگوزەر لە گفتوگۆداین، بەڵام پێشکەوتنێکی کەممان بەدەستدەهێناوە، چونکە حکومەت دەستی دەستی دەكات لە گفتوگۆکان.
باسی لەوەشكردووە: یەکێک لەو کێشانەی کە لە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتدا روبەڕومان دەبێتەوە، دەستوەردانی تورکیایە لە سوریا، جەختیشكردووە، سوریا پێویستی بە دەستورێکی نوێ هەیەو دەبێت دەستوری ئێستا نوێ بکرێتەوە.
ئەو وتانەی ئیلهام ئەحمەد، لە میانی کۆنفرانسی "ئاسۆی سوریا و عێراق"دا هات، کە نوێنەرایەتی بادن-ڤرتمبێرگی ئەڵمانیا لە شارى بەرلین بەڕێوەی برد، بە ئامادەبونی تۆبیاس تونکڵ، بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی نزیک و باکوری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.
ئیلهام ئەحمەد لە لێدوانیشكدا بۆ "ئینديپدنت عەرەبیە" لەبارەی فشارەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەسەریان، وتویەتی: هەموو ئەو شتانەی سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ دیمەشق روودەدەن، لە قوڵایی ئیرادە و بڕیاری خۆیاندایە، بڕوایان بە پێویستی وتوێژێکی ناوخۆیی سوریا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەوان و لایەنی ئەمریکی یان لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە گەرەنتی پرۆسەی سیاسی لە سوریا دەکەن ئەوەیە، دەبێت سوریا یەکگرتوو بێت، دەبێت دانپێدانانی هاوبەش هەبێت بە مافی پێکهاتەکانی سوریا بە هەمەرەنگی كلتوری ئایینی و نەتەوەیی، ئەمە جگە لە دەستەبەرکردنی شەفافیەت لە ناوەندەکانی بڕیاردان.

