کۆمیسیۆنی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە

2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، کۆمیسیۆنی ئاشتیی پەرلەمانی تورکیا، کە تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دامەزراوە، کۆدەبێتەوە و گوێ لە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی باکووری کوردستان دەگرێت.
کۆمیسیۆنەکە گوێ لە نوێنەری فیدراسیۆنی عەشیرەتەکان، کۆنفیدراسیۆنی گوندپارێز و کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان، و فیدراسیۆنی کارسازانی باکووری کوردستان دەگرێت.
هاوکات، کۆمیسیۆنەکە دوێنێ چوارشەممەش کۆبوویەوە و میوانداریی کەسانی ئەکادیمی کرد و گوێی لە بۆچوونەکانیان گرت لەبارەی پرۆسەی ئاشتی وڵاتەکە. لە دانیشتنی دووەمیشدا، ئەندامانی کۆمیسیۆن گوێبیستی دوو باڵیۆزی پێشووتری تورکیا بوون کە وەک نێوەندگیر بەشدار بوون لە کۆتاییهێنان بە ململانێی 40 ساڵەی نێوان موسڵمانانی مۆرۆ و حکوومەتی فلیپین. ململانێی نێوان بەرەی ئازادیخوازی ئیسلامی مۆرۆ و فلیپین لە ساڵانی 70ـی سەدەی ڕابردوودا بەردەوام بوو، و دواتر لە ساڵی 2014 ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ کرا.

