مووچەى پەرلەمانتارانى عێراق 400 ملیار دینار تێدەپەڕێنێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم خولەیدا ژمارەیەکی پێوانەیی لە هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکانی تۆمار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی خەرجکردنی بڕێکی زۆری پارە لە مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتاران، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بێ کار بوون.

پەرلەمانی ئێستا- لە یەکەم کۆبوونەوەى لە 9ی کانونى دووەمى 2022ەوە- تەنیا توانیویەتی 149 کۆبوونەوە لە کۆی نزیکەی 265 کۆبوونەوە ئەنجام بدات.

پەرلەمانى عێراق لەم خولەیدا شکستیهێناوە لە ئەنجامدانى 100 کۆبوونەوە کە 12 یان لە 11 مانگى رابردوودا بووە، لەکاتێکدا مووچە و شایستەى دارایی پەرلەمانتاران بۆ ئەو ماوەیە زیاتر لە 122 ملیار دینار بووە و شایستەى ساڵانەش 400 ملیار دینارى تێپەڕاندووە.

بەهۆى ئەو رۆڵە لاوازەوە، پێدەچێت ئەم مانگە ویلایەتى خولى پێنجەمى پەرلەمان کۆتایی بێت، ئەوەش لەگەڵ بەردەوامى شکستهێنانى پەرلەمان لە کۆبوونەوەکانى، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.

لە مانگی ئابی رابردووەوە، ئەنجومەنی نوێنەران سزای ملیۆنێک دیناری بۆ ئامادەنەبوونی هەر پەرلەمانتارێک لە دانیشتنەکاندا دیاریکردووە. بەڵام زۆرێک لە پەرلەمانتاران بۆ خۆرزگارکردن لەو سزایە ئامادەی دەوام دەبن، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بچنە ناو دانیشتنەکان، لە کافێتریای پەرلەمان دەمێننەوە.

یاسر حسەینى ئەندامى پەرلەمانى عێراق پێیوایە، ناکۆکییە سیاسییەکان لەبارەى یاسا گرنگەکان هۆکارى پەکخستنى پەرلەمانە، لەناویاندا یاساکانى تایبەت بە وەبەرهێنانى سعودیە لە عێراق، سەربارى سەرقاڵبوونى پەرلەمانتاران بە کاروبارى تایبەت بە هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە 11 ى تشرینى دووەم بەرێوەبچێت.

سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو بڵاویکردەوە، ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکاندا بە "ئەرکێکی نیشتمانی کە ناتوانرێت دوابخرێت" دادەنێت، ئەوەش دوای شکستی ئەنجامدانى دوو کۆبوونەوەى یەک لەدواى یەک.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی سەرجەم 329 پەرلەمانتارەکەی عێراق دەگاتە 426 ملیار دینار، کە دەکاتە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. بۆ ماوەی چوار ساڵی خولی پەرلەمانیش، ئەم خەرجییە دەگاتە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. لە ماوەی 14 مانگی بێکاربوونی ئەنجومەنەکەدا، زیاتر لە 525 ملیۆن دۆلار بە مووچە و دەرماڵە خەرج کراوە.

هەر خولێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چوار ساڵ پێکدێت. هەر ساڵێکیش بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت، کە هەر بەشێکیان لە چوار مانگ پێکدێت و چوار مانگ پشووی دەکەوێتە نێوانیانەوە.

هەر پەرلەمانتارێک مانگانە 8 ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت، ئەمە جگە لەوەی 16 ملیۆن دینار وەک بۆ پاسەوان و 3 ملیۆن دینار وەک دەرماڵەی کرێ بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی نیشتەجێی بەغداد نین، بەمەش کۆی مووچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێک دەگاتە 27 ملیۆن دینار.

کۆی تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی هەر ٣٢٩ پەرلەمانتارەکە زیاتر لە ٤٢٦ ملیار دینارە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار