سودانی: بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەرفەتی زیاتر بە گەندەڵکاران دەدات

4 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن چارەسەر نییە و تەنیا خزمەت بە گەندەڵکاران دەکات و گوتی، عێراق بە گۆڕانکارییەکی ئابووریی گەورەدا تێدەپەڕێت و وەبەرهێنان تیایدا گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆکهۆزەکان، کەسایەتییەکان و دەستەبژێری ئەکادیمیی دانیشتووی ناوچەی کەڕادەى بەغداد، جەختی لە بەدیهێاننی دۆخی سەقامگیر و ئاسایش لە عێراق لە رێگای دەزگا ئەمنییەکانەوە کردەوە، هاوکات باسی لە پێویستیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و جەختی لە گرنگیی تێپەڕاندنی هەڵەکانی رابردوو کردەوە، لەرێگەی پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و گوتی، "ئێستا نیوەی رێگەکەمان بڕیوە، بۆ ئەو ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانەی بەدوایدا دەگەڕێین".
هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی ئەوەیکرد، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بە گەندەڵکاران و ئەو کەسانە دەکات کە هیچ کارنامەیەکیان نییە بۆ خزمەتکردنی وڵات، بەڵام "وڵاتانی جیهان بە رێز و پێزانینەوە تەماشای عێراق دەکەن بۆ ئەو دەستکەوتانەی لە زۆر بواردا بەدەستیهێناون".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسى لەوەشکرد، بوونی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە گەورەکان لە عێراق نیشانەی بوژانەوەیەتی و ئاماژەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی گەورەی ئابووری بەسەر وڵاتەکەدا دێت و گەیشتنی قەبارەی وەبەرهێنان بە 100 ملیار دۆلار بەو مانایەیە کە عێراق وڵاتێکی سەلامەت و سەقامگیرە بۆ وەبەرهێنان.

