هاکان فیدان: گەورەترین مەترسی ئیسرائیلە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا لە میانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە لە میسر بەشداریی کرد، لەسەر سوریاو ئیسرائیل قسەیکردو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل گەورەترین مەترسییە و یەپەگە بە زۆرەملێ یەک لەسەر سێی سوریای داگیرکردووە.
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئێم بی سی میسر، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئیدارەی نوێی سوریا هەستیارە بەرامبەر بە پرسگەلێکی وەک نەبوونی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. فیدان ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەرفەتیان بە ئیدارە نوێیەکە داوە و دەڵێت "گەورەترین مەترسی لەسەر سەقامگیری سوریا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەگەری ئیسرائیلە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە ئیدارەی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع پەیامی ئەرێنی سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان ناردووە، ئەو ڕوونیشیکردەوە، تورکیا پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکەدا کردووە، لەوانە میسر، سعودیە، ئوردن، عێراق، قەتەر، و ئیمارات و هاوڕابوون لەسەر دیدگایەکی هاوبەش سەبارەت بەوەی چاوەڕوانی چی لە ئیدارەی نوێی سوریا دەکرێت.
فیدان بە ئاماژەدان بەوەی کە گەورەترین مەترسی لەسەر سەقامگیری سوریا "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیلە"، هۆشداریدا لەوەی کە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل دەتوانێت دەرگای ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا بکاتەوە و هێزەکانی SDF/YPGی تۆمەتبارکرد بە داگیرکردنی سوریا.، ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی سوریا تەنها کێشەی تورکیا نییە، بەڵکو پرسێکی ناوچەییە بە لەبەرچاوگرتنی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و ئوردن و لوبنان.
ئەو فیدان ڕایگەیاند کە هێزەکانى یەپەگە و هەسەدە"بە چەک و هێز" یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی داگیرکردووە و پێویستە هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و لە بەرژەوەندی سوورییەکان چارەسەر بکرێن.
هەروەها وەزیرى دەرەوەى تورکیا باسی لە شەڕی غەززە کرد و ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا هەنگاوى پێوستى نەناوەو کارى کەمی کردووە. فیدان بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پێکهاتەیەکی گشتگیرتر و بەشدارتر لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە لە کاتێکدا هاوپەیمانییەکانی ئێستا خۆشگوزەرانی بۆ گەلی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام شکست دەهێنن لە چارەسەرکردنی کێشە جیهانییەکان. ڕوونی کردەوە کە هەر لەبەر ئەمەشە ئەکتەرە نوێیەکانی وەک بریکس و ڕێکخراوی هاریکاری شەنگەهای سەریان هەڵداوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ستایشی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ میسر کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا گەیشتوونەتە "باشترین ئاست لە مێژووی نوێدا".
وه زیری ده ڕه وه ئاماژه ی به وه شدا، په یوه ندییه برایه تییه کانی نێوان هه ڕدوو وڵات و په یوه ندییه کانی نێوان گه ڵه کانیان هه میشه نایاب بووه .
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دوو گەلە لە بنەڕەتدا لەیەک دەچن و جیاناکرێنەوە. بەڵام پەیوەندی نێوان نوخبە سیاسییەکان- چ لەسەر ئاستی بیرۆکراسی و چ لەسەر ئاستی حکومەت- پێشتر گەیشتووەتە ئاستێکی نایاب، بەو پێیەی توانیومانە هەموو پرسەکان تاوتوێ بکەین".

