وردەکارییەکانی ڕێککەوتنى نێوان ئیسرائیل و سوریا

11 كاتژمێر لەمەوپێش
لەگەڵ پەرەسەندنی گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی نزیک لە نێوان ئیسرائیل و سوریا سەبارەت بە دۆخی باشووری سوریا، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیرە باڵاکان و بەرپرسانی ئەمنی ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنێکە.
کەناڵى ئەلعەرەبیە ڕاپۆرتێکى بڵاوکردەوەو تیایدا ئەوەدەخاتە ڕوو بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، ئەمڕۆ ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیجی، کورتەیەک سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ سوریا و ئەو ئیمتیازاتانەی کە ڕەنگە ئیسرائیل ناچار بێت لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنیدا بیخاتە ڕوو بۆ ناتانیاهۆ و بەشداربووانی دیکەی دیدارەکە دەخاتە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەمریکا فشارى خستوەتە سەر هەردوولا تاوەکو ناکۆکیەکانى نێوانیان کەمبکەنەوەو دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب بەرەو پێشەوە ببەن ئەمەش بەگوێرەی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشکردووە، "فشاری ئەمریکا پێشکەوتنی لە دانوستانەکاندا بەدەستهێناوە، بەڵام ڕێککەوتنی ئەمنی هێشتا ماویەتى و پێنەگەیشتووە".
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕوونیان کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنەی کە دانوستانى لەسەر دەکرێت ئیسرائیل ئامانجیەتی جێگەی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی ١٩٧٤ بگرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ "رێککەوتنی جیابوونەوە" و پێشنیارێکی نووسراوی جیاوازی لە ڕێگەی تۆم باراک نوێنەری ئەمریکاوە پێشکەش کردووە.
بەگوێرەی زانیارى سەرچاوەکان تەلئەبیب پابەندە بە مانەوە لە بنکەی چاودێری چیای حەرمون و پەراوێزی و فراوانکردنی ناوچەی پاراستن و دامەزراندنی سێ ناوچەی داماڵینی سەربازی و دامەزراندنی ڕێکخستنە ئەمنییەکان کە درێژدەبێتەوە بۆ ناوجەرگەی دیمەشق، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی لە باشوور.
هەروەها لایەنی ئیسرائیلی داوای ڕێڕەوی ئاسمانی بۆ سنووری عێراق دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئێران، لە هەمان کاتدا ئامادەکاری بۆ هەندێک کشانەوە دەکرێت، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی بەرزاییەکانی جۆلان.
لە بەرامبەردا دیمەشق خوازیاری کاراکردنی ڕێککەوتننامەی جیابوونەوە لە ساڵی ١٩٧٤ و کشانەوەی ئیسرائیل لەو خاکانەی کە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ داگیری کردوە.
هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی دەربڕی کە ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەری سوریا لەبەرچاو بگرێت، هەروەها پەیوەندی نێوان ئاساییکردنەوە و پەیوەستبوون بە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم و ئایندەی بەرزاییەکانی جۆلان.
هەروەها سوریا پابەندبوونی خۆی بە ڕێزگرتن لە ئاسمانی سوریا دووپاتکردەوە و داوایکرد هێزی نێودەوڵەتی UNDOF چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بکات.
هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیلی جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل ڕازی نابێت بە کشانەوە لە دیوی سوریای چیای حەرمون، بەپێی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، ئەو بەرپرسە دەڵێت "بەڕاستی متمانەمان بەم ڕژێمە سوریایە نییە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە دەتوانێت ڕێگری لە پەرەسەندن بکات و بەشداری بکات لە سەقامگیرکردنی دۆخی سنوورەکان".
ئەم زانیاریانە دوای ئەوە هات کە دێرمێر ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە لەندەن لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا کۆبووەوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕوونی کردەوە کە هەردوولا لەم دیدارەدا ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە هەفتەکانی داهاتوودا.
هەروەها لە کاتێکدا بوو کە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆخی ئەمنی باشووری سوریا.
سوریا و ئیسرائیل لە سەرەتای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە لە دۆخی شەڕدان، هەرچەندە ناوبەناو ماوەی ئارامی هەیە.
ئیسرائیل دوای چەند مانگێک لە دەستدرێژی بۆ سەر ناوچەی داماڵراوی چەکداری، وازی لە ئاگربەستی ساڵی 1974 هێنا، کە لە 8ی کانونی یەکەمەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریای لە پۆستەکەی دوورخستەوە.
هەروەها هێزەکانی ئیسرائیل سەروەت و سامانی سەربازی سوریایان بۆردومان کرد و هێزەکانیان گەیاندە 20 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە.
