ڕێککەوتن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان واژۆ کرا

2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیان واژۆکرد.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنەری نەوت، ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیان لە هەولێر واژۆ کرد، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایدەگەیەنێت، کەمێک پێش ئێستا لە هەولێر، ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان واژۆ کرا.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەقى ریککەوتنەکە رەوانەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بکرێت، بۆ ئەوەى لەکۆبنەوەى سبەینێ گفتوگۆو بڕیارى لێبدرێت، لەدوای ئەم رێککەوتنە چاوەڕوان دەکرێت، نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە بکرێتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵەوە ڕابگەیەنرێت و دواتر وردەکارییەکەی بڵاوبکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2025، شاندێکی تەکنیکی کۆمپانیای "نەوتی باکوور" سەردانی شاری هەولێری کرد، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاندووە.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ" دەکرێت، لە ڕێگەی کۆمپانیای "نەوتی باکوور"ـەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەر بۆیە شاندە تەکنیکییەکەی کۆمپانیاکە لە هەولێرن بۆ تەواوکردنی کۆتا ڕێکارەکان.
لە مانگى تەمموزى رابردوودا، حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ رێککەوتبوون. بەپێی ئەو رێککەوتنە، لەبەرامبەر ناردنى مووچەى مووچەخۆران لەلایەن بەغدادەوە، دەست بە هەناردەکردنەوەى نەوت بکرێت. هەروەها حکومەتى هەرێمى کوردستان مانگانە بەشى خەزێنەى فیدراڵى لە داهاتەکان بداتە بەغداد.
بە ئەنجامدانى رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت، بەربەستێکى گەورەى بەردەم مووچە چارەسەردەکرێت. تەنیا رێککەوتن لەبارەى پشکى خەزێنەى فیدراڵى لە داهاتەکانى هەرێمى کوردستان دەمێنێتەوە، کە ئەویش هەنگاوى باشى بڕیوە و ئەنجوومەنى دەوڵەت راو سەرنجى خۆى بۆ ئەنجوومەنى وەزیران ناردووە.
