ئەحمەد شەرع: دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی هەسەدە وەربگرین

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە چوارچێوەی لوتکەی کۆنۆردیا ڕایگەیاند: بۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دووپاتمان کردووەتەوە، مافی کورد لە سووریا دەپارێزین، بەڵام ئەوان سستن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق.
دووشەممە 22ـی ئازاری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەچوارچێوەی لوتکەی کۆنۆردیا لە نیویۆرکی ئەمەریکا گوتی: دەتوانین لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بگەینە ڕێککەوتنی ئاشتی و زۆر بەخێرایی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکەین، بەتایبەتیش ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ـی ئازاری ڕابردوو واژۆمان کرد.
شەرع دووپاتی لەوە کردەوە، پرەنسیپی زۆرینەیان لە هەڵبژاردندا ڕەت کردووەتەوە، چونکە باوەڕیان بە بەشداریی تەواوی لایەن و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سووریا هەیە.
سەرۆکی سووریا گوتیشی: نکۆڵی لە پێکهاتەی کورد و پێکاتەکانی دیکەی سووریا ناکەین، داوامان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) کردووە تێکەڵی سوپا بن بۆ ئەوەی کەڵک لە ئەزموونەکانیان وەربگرین.
لەبارەی ڕووداوەکانی دوایی سووریاش، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکان پێکهێناوە، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکەن.
سەبارەت بە ئاڵۆزی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلیش، سەرۆکی سووریا گوتی: دەکرێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێ لایەن هەوڵدەدەن ئاڵۆزییەکان زیاتر بکەن.
گرنگنرین قسەکانى ئەحمەد شەرع...
🔹سوریا پێویستی بە دەرفەتێكی نوێ هەیە بۆ ژیان، سەرۆك ترەمپ سزاكانی لەسەر هەڵگرت، دەبێت كۆنگرێس كار بكات بۆ ئەوەی بەیەكجاری سزاكان لاببات.
🔹تائێستا زیاتر لە 250 هەزار بێسەروشوێن لە سوریا هەن، ملیۆنێك مرۆڤیش لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا كوژراون.
🔹كەوتنی رژێم دەرگای قۆناغێكی مێژوویی نوێی بۆ ناوچەكە كردەوەو، ئەمڕۆ بەرژەوەندی هاوتا لەنێوان سوریاو خۆرئاواو ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیە.
🔹سوریا لە 60 ساڵی رابردوودا ئاڵۆزی زۆری بۆ بەجێماوەو ناتوانین بە یەكجار كێشەكان چارەسەر بكەین.
🔹كۆنترۆڵی چەك بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، سوریا دەپارێزێت لە ململانێ و ئاڵۆزیی.
🔹پێشنیارمان بۆ هێزەكانی سوریا دیموكرات (هەسەدە) كردووە لەگەڵ سوپای سوریا تێكەڵ ببێت بۆ سودوەرگرتن لە شارەزاییان، بەڵام دواكەوتن هەیە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ (هەسەدە).
🔹مافەكانی كورد لە سوریا بەپێی دەستور پارێزراوە.
🔹مانەوەی هێزەكانی (هەسەدە) لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا عێراق و توركیاو سوریا روبەڕووی مەترسی دەكاتەوە.
🔹سوریا دەوڵەتی یاسایەو بە یەك مەودا لە هەموو هاوڵاتیانی سورییەوە رادەوەستێت.
🔹پێویستە بگەینە چارەسەری ئاشتیانەو خێرا بەتایبەت رێككەوتنەكە لەگەڵ (هەسەدە)دا.
🔹بنەمای پشك پشكێنەمان رەتكردەوەو لە پێكهێنانی حكومەتدا پشتمان بە بنەمای شەراكەت بەست.
🔹گرنگترین ئەولەویەتمان بەدیهێنانی سەقامگیریی ئەمنییە لەرێگەی یەكڕیزی گەل و كۆنترۆڵی چەك لە دەستی دەوڵەتدا.
🔹لیژنەمان پێكهێنا بۆ بەدواداچوونی راستییەكان لەبارەی رووداوەكانی (ساحیل)و (سوەیدا)وە، رێگەمان داوە بە هاتنی لیژنەكانی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی.
🔹پابەندین بە لێپێچینەوە لەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر هەر هاوڵاتییەكی مەدەنی، چونكە سوریا دەوڵەتی یاسایە.
🔹هەندێك لایەن هەوڵی وروژاندنی ململانێی تائیفی دەدەن بۆ ئەوەی دەستوەردات لە كاروباری ناوخۆی سوریا بكەن.
🔹كار بۆ هێوركردنەوە دەكەین لەگەڵ ئیسرائیل، دەكرێت لەدوای رێككەوتنی ئەمنیی، باس لە پەیوەندی ئایندەمان لەگەڵ ئیسرائیل بكەین.
🔹خاكی سوریا نابێت بە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ كەس، دیمەشق نایەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل و دانوستان هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی 1974.
