ئەردۆغان: ئیسرائیل دەبێت هێرشەکانی لەغەززە ڕابگرێت
.jpg)
4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک کۆماری تورکیا جەختى کردەوە پێشوازی لە وەڵامەکەى حەماس دەکەن بۆ پلانەکەی ترەمپ سەبارەت بە کۆتایی هێنان بەشەڕى عەززەو ئازادکردنى بارمتەکانى هەردوولا.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پلانی 20 خاڵی ئاشتی بۆ غەززە خستەڕوو، هەر دوای ڕاگەیاندنی پلانەکە ئیسرائیل ئامادەیی خۆی دەربڕی و دوێنیش حەماس وەڵامی پلانەکەی بە ئەرێنی دایەوە و بەمەش ڕاستەوخۆ قۆناغی یەکەمی پلانەکەی ترەمپ دەستپێدەکات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا بەوردی لەگەڵ ترەمپ تاتوێی ئاشتییان بۆ غەززە کردووە و هەروەها وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی بۆ ئەو مەبەستە رەوانەی قەتەر و سعودیە و ئیمارات کردووە و راشیگەیاند، دەرفەتێک بۆ ئاشتی لە ناوچەکە دروستبووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "حەماس هاوشێوەی ئەوەی پێشتریش چەندین جار ئەنجامیداوە، ئامادەیی بۆ ئاشتی نیشاندا. بەمەش، دەرفەتێک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەمان هاتووەتە ئاراوە".
هاوکات ناوبراو ئەوەشى وت کە ئێمە پێشوازی لە وەڵامی حەماس دەکەین بۆ پلانی ترەمپ کە ئامادەیی بزووتنەوەکە بۆ ئاشتی نیشان دەدات.
ئەردۆغان وتبشى: ئیسرائیل دەبێت هێرشەکانی لە کەرتی غەززە ڕابگرێت، ئێمە هەوڵی زۆر دەدەین بۆ ڕاگرتنی جینۆسایدەکە، تواناکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە.
لەلایەکى دیکەوە سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "بە پشتبەستن بەو راگەیێنراوەی کە تازە لەلایەن حەماسەوە بڵاوکرایەوە، پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. دەبێت ئیسرائیل دەستبەجێ بۆمبارانکردنی غەززە بوەستێنێت، بۆ ئەوەی بتوانین بارمتەکان بە سەلامەتی و بە خێرایی دەربهێنین! ئێستا زۆر مەترسیدارە کە ئەوە بکەین."
ترەمپ هەروەها دەڵێت، "ئێمە لە ئێستاوە لە گفتوگۆداین بۆ یەکلاکردنەوەی وردەکارییەکان. ئەمە تەنیا پەیوەندیی بە غەززەوە نییە، ئەمە پەیوەندیی بە ئاشتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە کە کە لەمێژە هەوڵی بۆ دەدرێت."
ئەو خاڵانەی کە حەماس پێیان رازی بووە:
یەکەم: ئازادکردنی بارمتەکان
حەماس پابەندبوونی خۆی بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان راگەیاندووە، چ ئەوانەی لە ژیاندان و چ ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وەک بەشێک لە گۆڕینەوەی بارمتەکان بە بەندکراوانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلن. ئەمە وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو نەهێشتنی جەنگ و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان سەیردەکرێ.
راگەیێندراوەکەی حەماس ئاماژە بەوە دەکات کە مەرجی گەڕاندنەوەی بارمتەکان ئەوەیە ئیسرائیل پابەندی کشانەوەی تەواوەتی بێت لە کەرتی غەززە.
دووەم: رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە
بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی کەرتی غەززە رادەستی دەستەیەکی تەکنۆکراتی سەربەخۆی فەلەستینی بکات. ئامانج لەم هەنگاوە رێگەخۆشکردنە بۆ حکومەتێکی راگوزەر کە لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامییەوە پشتیوانی بکرێت.
ئەو خاڵانەی کە حەماس رەتیان دەکاتەوە یان لەسەریان بێدەنگە
یەکەم: داوای چەکدانان
داواکارییەکی سەرەکیی پێشنیازەکەی ئەمریکا، چەکدانانی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەی نێو غەززەیە. لە راگەیێندراوەکەی حەماسدا ئاماژە بە بابەتی چەکدانان نەکراوە، بەڵام بەرپرسێکی بزووتنەوەکە بە میدیای فەلەستینی راگەیاندووە، تاوەکو ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە نەکشێتەوە، چەکەکانیان دانانێن.
دووەم: سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی
پلانەکەی ترەمپ پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەر لەخۆدەگرێ بە سەرپەرشتیی دەستەیەکی نێودەوڵەتی کە حەماس ئەوەی قبووڵ نییە. بزووتنەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر پێکهاتەیەکی بەڕێوەبردن، دەبێت لەسەر بنەمای کۆدەنگیی نیشتمانیی فەلەستینی بێت.
ئەو بوارانەی کە حەماس دەڵێت، پێویستیان بە گفتوگۆیە
حەماس ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە. بەگوێرەی حەماس، ئەو پرسانەی پێویستیان بە گفتوگۆی زیاترە بریتین لە:
• کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی ئیسرائیل: مەرج و خشتەی کاتیی کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە.
• میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان: وردەکارییەکانی ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان.
• گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان: دڵنیابوونەوە لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی کەرتی غەززە.
