شەرع: بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەنگاو دەنێین

3 كاتژمێر لەمەوپێش
لەگەڵ گەیشتنی بە کتێبخانەی نیشتمانی لە دیمەشق بۆ پێداچوونەوە بە دواین قۆناغەکانى پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی نوێ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا بە سەرکەوتوویی چووەتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنی نوێ. وتیشى: سوریایەکانی ئەمڕۆ شانازی بە گواستنەوە لە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەگێڕییەوە بۆ هەڵبژاردن دەکەن".
ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە 05-10-2025 لە چەند ناوچەیەکی سووریا هەڵبژاردنەکەی ئەنجوومەنی گەلی سووریا (پەرلەمان) بەڕێوەچوو، 1578 بەربژێر کە 14%یان ژنن، کێبڕكی دەکەن.
لەپەیامێکیدا سەبارەت بە پرۆسەکە ئەحمەد شەرع وتى: تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا سوریا توانی بچێتە ناو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارودۆخەی کە پێیدا تێدەپەڕێت، ئەم ساتەوەختە مێژووییە لە نێو سوورییەکان لە ئێستادا زۆر گرنگە و پێویستە هەموو سوورییەکان وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە.
هەروەها باسى لەوەکرد کە سوورییەکان بە درێژایی مێژوو لە دەستکەوتەکانیاندا سەرکەوتوو بوون.
ئەحمەد شەرع سەرۆکى سوریا جەختى کردەوە کە چەندین یاسای هەڵپەسێردراو هەن کە پێویستە دەنگیان لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی لە پرۆسەی بیناسازی و خۆشگوزەرانیدا بەرەو پێشەوە بچن. وتیشى: سورییەکان شانازی دەکەن کە تەنها لە ماوەی چەند مانگێکدا لە قۆناغی شەڕ و ئاژاوەگێڕییەوە بۆ هەڵبژاردن و دیموکراسی بەشدارانە گواستراونەتەوە.
هەڵبژاردنەکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سوەیدا بەڕێوەناچن، وەکو حکومەتی سووریا دەڵێت، ئەو ناوچانە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە گونجاو نین بۆ هەڵبژاردن. محەممەد وەلی، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری هەڵبژاردنەکانیش بە رووداوی گوت، کورسی ئەو ناوچانە بەپێی ئاماری ساڵی 2011 بە بەتاڵی دەمێننەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا كۆمەڵێك لە ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مەدەنی لە بەڵگەنامەیەكدا ڕەخنەیان لە سیستمی هەڵبژاردنی كاتیی گرت و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند، سیستمی هەڵبژاردن كێشەی بنەڕەتی تێدایە و زۆر دوورە لە لانیكەمی پرەنسیپە دیموكراسییەكان بۆ هەڵبژاردنێكی ستاندارد كە هاوڵاتیان بتوانن بەشدارییەكی راستەوخۆی سیاسی تێدا بكەن.
