هاوڵاتیانى غەززە تەرم لەژێر ماڵە ڕوخاوەکاندا دەدۆزنەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
دانیشتوانی شاری غەززە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ پشکنینی ماڵەکانیان کە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە وێران بوون، تووشی شۆک بوون: "ناتوانین ماڵەکانمان بناسینەوە و شەقامەکان هێماکانی خۆیان لەدەستداوە".
هەر لەو ساتەوەی کە سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، دواى زیاتر لە دووساڵ هەزاران ئاوارە لە باشوورەوە بەرەو باکوور گەرانەوەو پشکنینیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکانیان مابووەوە، کە لە داروپەردوودا کورتکرابووەوە. تەنانەت هەندێکیان بە پێ شەقامی ڕەشیدیان تێپەڕاندووە، گەشتێک کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا پێی ڕاهاتوون.
بەگوێرەی ئاژانسەکانى هەواڵ هەندێکی دیکەش لەهاوڵاتیانى غەززە گەڕاونەتەوە بۆ وێرانەکانی ماڵەکانیان لە خان یونس لە باشوور.
هەموو دانیشتوانی باکووری غەززە ئاوارە بوون لە دوای هێرشی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کە بووە هۆی شەڕی ئیسرائیل لەو ناوچەیە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ناوچەکە بۆ داروپەردوو بچووک بووەتەوە.
گرتە ڤیدیۆییە ئاسمانییەکان بەشێکی بەرفراوانی زەوی نیشان دەدەن کە جگە لە وێرانە هیچی تریان نییە. ژێرخانی نییە و کارەبا و ئاوی خواردنەوە نییە.
ئەحمەد ئەبو وەتفا دەڵێت: "دوعا دەکەم خوای گەورە خەم و ناڕەحەتیمان لابدات و خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەگەر خانووەکانیش وێران بکرێن، ان شاءاللە دەگەڕێینەوە".
لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕانەوەی خەڵک بۆ باکوور، دۆزینەوە تاریکەکان لەوێ چاوەڕێیان دەکرد. گرتە ڤیدیۆییەکانی شارەکە دەریدەخەن کە زۆرێک لە بینا فرە نهۆمیەکان بە تەواوی تەخت بوون و هەندێکی دیکەشیان بەهۆی تەقینەوەکانەوە لەیەکتر جیابوونەتەوە. وا دیارە تەواوی ناوچەکە بە تۆزی خۆڵەمێشی داپۆشراوە، زۆربەی کات هیچ ڕەنگێکی دیکە دیار نییە.
محەممەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلشیفا لە باکور بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند، ڕۆژی هەینی تەرمی لانیکەم ٣٣ فەلەستینی لە شاری غەززە دەرهێنراونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەی ئەو شارە کشایەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانرێت ناسنامەی بەشێک لە تەرمەکان دەستنیشان بکرێت، هەر بۆیەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و تیمەکانی پزیشکی دادوەری دەتوانن پشکنینیان بۆ بکەن
هاوکات مەحمود باسال وتەبێژی بەرگری شارستانی غەززە ئێوارەی هەینی پشتڕاستی کردەوە کە "نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەن کە گەڕاونەتەوە باکوور".
وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگە بە خەڵک دراوە لە باشوورەوە بەرەو باکوور لە ڕێگەی شەقامی ئەلڕەشیدی کەنار دەریا و ڕێگای سەڵاح الدین لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە جوڵە بکەن.
