حەماس: بەشداری مەراسیمی واژۆکردنەکە ناکەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرکردەیەکى بزووتنەوەى حەماس ئەوەى دووپاتکردەوە کە ئەوان بەشێوەى ڕاستەوخۆو هیچ نوێنەرێکیان لە پرۆسەی واژۆکردنى رێککەوتنەکە لەمیسر بەشدار نابێت، تەنها نێوەندگیرەکان و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی هەندێک لە وڵاتانى دیکە بەشدار دەبن.
لە دووەم ڕۆژی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ، لەکاتێکدا غەززییەکان بەردەوام بوون لەگەرانەوە بۆ ماڵە ڕووخاوەکانیان لە باشوورەوە بۆ باکووری شارەکە حەماس ڕایگەیاند کە بەشداری لە مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەدا ناکات کە بڕیارە لەڕۆژى دووشەمەى داهاتوو لە میسر ئەنجام بدرێت.
حوسام بەدران، سەرکردە لە مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: حەماس لە پرۆسەی واژۆکردندا بەشدار نابێت، تەنها نێوەندگیری و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بەشدار دەبن. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بزوتنەوەی حەماس وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی ئیسرائیل دەداتەوە، ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە.
بەدران پێشبینی دەکرد قۆناغی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل "سەختتر و ئاڵۆزتر" بێت. هەروەها باسی دوورخستنەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە بە شتێکی بێمانا زانی.
لەلایەکى دیکەوە، شەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئەلیزێ)، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی میسر دەکات.
کۆشکی ئەلیزێ، هۆکاری سەردانەکەی ماکرۆنی ڕوون کردەوە و گوتی: ماکرۆن لە میسر، مەبەستیهتی پشتگیری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بکات.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، ماکرۆن لە سەردانەکەیدا هەنگاوەکانی داهاتوو لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان، سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی لە کەرتی غەززە تاوتوێ دەکات.
