ئیلهام ئەحمەد: سازش لەسەر مافی گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناوچەکانیان ناکەین

4 كاتژمێر لەمەوپێش



شاندێکی نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەنجامدا، بارودۆخی مرۆیی کۆچبەران و هەوڵەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام تاوتوێ کرا.

نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئیلهام ئەحمەد، ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و مرۆییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی کۆچبەران، لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی سووریا و دیدارە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان شاندەکانی دانوستان و دیمەشق.

لەکاتی دیدارەکەدا، هەردوولا بارودۆخە سەختەکەی هەزاران کۆچبەریان خستەڕوو، کە زیاتر لە شەش ساڵە بەهۆی داگیرکردنی شارەکەیانەوە تێیدا دەژین، کە هێشتا ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپ و قوتابخانەکاندا لە ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و پێشکەشکردنی پشتیوانیی مرۆیی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کرایەوە.

هەروەها، کۆبوونەوەکە ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی ١٠ ـی ئازار کرد، کە تێیدا مافی هەموو کۆچبەران بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان جێگیرکراوە، وەک پایەیەکی سەرەکیی هەر چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر و دادپەروەرانە لە سووریا، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە چاوەڕوانکراوانەی کە ڕەنگە ڕێگە بۆ قۆناغێکی کاتیی نوێ خۆش بکەن.

لەکاتی قسەکانیدا، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئیلهام ئەحمەد، جەختی لەوە کردەوە کە "مافی گەڕانەوە، مافێکی مرۆیی و یاساییە و سازشی لەسەر ناکرێت"، دووپاتیشیکردەوە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی پرسی کۆچبەران لە پێشینەی کارەکانیدا دادەنێت و کاردەکات بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە سیاسی و مافپەروەرەکان بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ هەموو خەڵکی سەرێکانی و گرێ سپی و سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان.

هەروەها ئەندامانی نووسینگەی ژنان لە کۆمیتەی کۆچبەرانی سەرێکانی، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە دۆسیەی کۆچبەران دەدرێن، جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ژنانی کۆچبەر و پتەوکردنی ڕۆڵیان لە بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵگەکەیان و داواکردنی گەڕانەوەی هەموو خەڵکی شارەکەیان کردەوە.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کاری هاوبەش بۆ بەرگریکردن لە مافی گەڕانەوە و کاراکردنی ئەو بڕگانەی کە پەیوەستن بەم پرسەوە لە هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی داهاتوودا کردەوە، ئاماژەیان بەوەشدا کە گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ سەرێکانی، هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و سەقامگیری و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیکی فرەلایەن کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار