ئیلهام ئەحمەد: ئامانجمان سوریایەکی دیموکراتیکە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەى ئیدارەى خۆسەر ڕایدەگەیەنێت لامەرکەزییەت پڕۆژەیەکی دابەشکردن نییە، وەک چۆن بەرەوپێش دەچێت، بەڵکو ئامرازێکە بۆ یەکخستنی پلەکان و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا"
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی گردبوونەوەی ژنانی زێنۆبیا کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی ژنانی لە قەزای ڕەقە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخست، تیایدا ئیلهام ئەحمەد وتارێکى پێشکەشکرد، لەبەشێکیدا ئەووەى خستەڕوو قۆناغی ئێستای مێژووی سوریا قۆناغێکی ڕەخنەگرانە، بەو پێیەی زۆر گرنگە مافەکانی سەرجەم گروپە نەتەوەیی و ئاینییەکان زامن بکرێت و ڕێگەچارەیەکی سیاسی دیموکراسی بدۆزرێتەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەزموونە جیهانییەکان لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی سەلماندوویانە کە لامەرکەزی ڕێگەی گەیشتن بە گەشەسەندنی ڕاستەقینە و سەقامگیری سیاسی و ئابوورییە.
ئیلهام ئەحمەد ڕوونی کردەوە کە ئەو دانوستانانەی لە دیمەشق لە نێوان نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە لایەک و حکومەتی ئینتقالی لە سوریا لە لایەکی ترەوە ئەنجام دەدرێن، لە کەشێکی ئەرێنیدا بەرەوپێش دەچێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لێی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە داهاتووی سوریا و دامەزراوە ئیداری و سەربازییەکانی، دڵنیابوون لە بەشداریکردنی ڕاستەقینە لەلایەن هەموو پێکهاتەکانەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) لەناو سوپای سووریادا هەنگاوی یەکەمە بەرەو دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتووە، کە هەموو سوورییەکان بێ جیاوازی بپارێزێت.
هەروەها باسی لە کێشەی ئاوارە و پەنابەران کرد، کە پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە زامنی ئەمنی بێت بۆ پاراستنی ژیان و موڵک و ماڵیان و ئیدانەی داگیرکاریی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە عەفرین، شەهبا، گرێ سپی و سەرێکانی و سیاسەتەکانی بە تورککردنی ئەو ناوچانەی کرد.
لەکۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، کە پێویستە لە داهاتووی سووریا مافی ژنان و هەموو نەتەوەکان پارێزراو بێت و وتی: “پێمان وایە ئاشتی و دادپەروەری ڕێگەی کۆتاییهێنانە بە ئازارەکانی سوورییەکان، بە تایبەتی ژنان، چونکە ئەوان زۆرترین قوربانی شەڕەکان بوون و سەرەڕای ئەوەش ژنان سوورن لەسەر درووستکردنی ئاشتی و داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو سووریا.”
