سودانی: ڕێگە نادەین هیچ لایەنێک عێراق بباتە ناو شەڕەوە
                        
                    6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بەشدارینەكردن لە دەنگدان دەرگا بەڕووی گەندەڵکاراندا دەکاتەوە و سیستمی پشک پشكێنە بەهێزتر دەکات، هاوڵاتی خاوەنی بڕیاری هەڵبژاردنە.
لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوە دەخاتەڕوو کە هەڵبژاردنی داهاتوو یەكلاكەرەوە، نمایندەی خاڵی وەرچەرخان دەکات لە نێوان ئەو ناسەقامگیرییەی پێشتر بینیمان، لەگەڵ ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئێستا.
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو متمانەمان بە هۆشیاری خەڵک هەيە لە هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە رێگای کردار و دەستکەوتیان گرتۆتەبەر، نەک ئەوانەی پاساو و دروشم و بەڵێنی ناڕاست پێشکەش دەکەن.
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، سودانى پێشى وایە، هەڵبژاردنەکان بەشدارییەكی فراوان بەخۆوە دەبینێت، بە تایبەتی لەلایەن گەنجانەوە کە 60%ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن، چونکە كەسانێك دەبێت نوێنەرایەتیان بكات.
وتیشى: کارمان کردووە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتاییەکان لە سەرجەم پارێزگاکان، بە پەرۆش بووین بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە کەرتە جیاوازەکاندا.
سەبارەت بە پرۆژەکانیش سەرۆک وەزیرانى عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات دوو هەزار و 582 پڕۆژەی وەستاومان لە ساڵی 2007ەوە بە میرات بۆ مابوەوە کە بەهای 131 ترلیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا بەڵێنەکانی حکومەتەکەمان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەنها 33 ترلیۆن دینار بووە.
لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەوەى باسکردوە کە پەیوەندییەکی هاوسەنگمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە لەسەر بنەمای بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش بنیات نراوە، عێراقیش هاوبەشێکی سەربەخۆیە نەک گۆڕەپانی هەژموون.
سودانى دەشڵێت: چاکسازییە ئابورییە گرنگەکانمان لە کەرتە جیاجیاکاندا تەواو کردووە بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بۆ کەرتی تایبەت دروست بکەین.
وتیشى: رێنمایی وەزارەتی نەوتمان کردووە گرێبەستی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رابگرێت، بەو پێیەی گەیشتوینەتە قۆناغی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ و ئامادەكاری بۆ هەناردەکردن.
                        
               
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
 
                        
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                        
                        
                        
                        