سودانى: با ئەم هەڵبژاردنانە بکەینە بەرگریکردن لەمافی هاووڵاتیان
4 كاتژمێر لەمەوپێش
محەمەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکان دەکات بەبۆنەى بەشداریی کارایان لە هەڵبژاردن و جەختدەکاتەوە لەسەر دابینکردنى ژینگەیەکى ئارام و سەقامگیر بۆ هەڵبژاردنەکان دوور لە هەر پێشێلکاریی و کاریگەرییەک.
سوودانى بەبۆنەى کۆتاییهاتنى دەنگدانى تایبەت ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کرد بەبۆنەى پەیڕەویکردنى مافى دەستوورییان و بەشداریی کارا و هۆشیارانەیان لە هەڵبژاردن و دیاریکردنى نوێنەرانیان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى داهاتوو.
دەقى ڕاگەیەندراو
خوشکان و برایان له هێزە ئەمنی و سەربازییە بوێرەکانمان، سەرەتا پیرۆزباییتان لێدەکەین بەبۆنەی بەجێ گەیاندنی مافە دەستوورییەکەتان و بەشداری چالاکانە و هۆشیارانەتان لە هەڵبژاردنەکان، هەروەها بەبۆنەی هەڵبژاردنی نوێنەرەکانتان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو.
لەم ساتەوەختە گرنگەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەرکی نیشتمانیمان ناچارمان دەکات ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ هەڵبژاردنەکان دەستەبەر بکەین و پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر پێشێلکارییەک یان دەستوەردانێک بپارێزین، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە، بەرهەمی هۆشیاری و پابەندبوون و قوربانیدانتانە، ئەمەش هێزەکانمانی کردووە بە نموونەیەکی جوان و چاوی لێ بکەین.
با لەسەر ئاستی ئەو متمانەیە بین کە گەلەکەمان پێی بەخشیوین و ڕۆژی هەڵبژاردن بکەینە ڕۆژێک ڕەنگدانەوەی هۆشیاری و دڵسۆزی کارمەندە ئەمنییەکانمان بێت بۆ نیشتیمانی خۆیان، با ئەم هەڵبژاردنانە بکەینە نموونەیەکی باش لە پابەندبوون و هۆشیاری و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی شایستە دەستوورییەکەیان.
خوای گەورە هێزە چەکدار و ئەمنییەکانمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بپارێزێت و لە شەهیدانمان خۆش بێت و شیفای بریندارەکانمان بدات و عێراق و گەلەکەی لە هەر خراپەیەک بپارێزێت.
محەمەد شەیاع سودانی
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان
