کۆمیسیۆن: ئەنجامی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگدان هاوشێوەی یەکتربوون
3 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هاتووە و دەرکەوتووە کە ئەنجامی ژماردنی ئەلیکترۆنی و دەستی هیچ جیاوازییەکیان نییە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن، بە فەرمی ڕایگەیاند، "پرۆسەی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت کۆتاییهاتووە و دەرکەوت، کە ئەنجامەکان هاوشێوەی یەکتربوون". ئەمەش دڵنیایی دەدات لەسەر وردی و دروستیی پڕۆسەکە.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە یەکترگونجانی ئەنجامەکان دڵنیابوونەتەوە، کۆپییەکی ئەنجامەکان ڕادەستی نوێنەری حیزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان کراوە.
سەبارەت بە سکاڵاکان، جومانە غەلای پێشتر ڕایگەیاندبوو، لەسەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەتدا، تەنها 4 سکاڵای کەم تۆمارکراون.
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت ڕۆژی 9ی مانگ بەڕێوەچوو. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداریکردن زۆر بەرز بووە و گەیشتووەتە 82.42%. لەم دەنگدانەدا، 1,313,980 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق مافی دەنگدانیان هەبوو.
