ئەمڕۆ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕادەگەیەنێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکە، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕێژەی بەشداری و ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، تا ئێستا دیار نییە کاتژمێر چەندی ئێوارە ئەنجامەکە ڕادەگەیەنرێت، چونکە کۆمیسیۆنەکە سەرقاڵی وردبینییە لە داتاکان.
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی گشتی و ڕۆژی یەکشەممەش، 09ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەتی خولی شەشەمی پەرلەمان، لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت، 82.42% و لە دەنگدانی گشتیش، نزیکەی 54.5% بوو.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 80 هەزار دەنگی بردووەتەوە. یەکێتیی نیشتمانیش کوردستانیش بە بەدەستهێنانی نزیکەی 535 هەزار دەنگ، لە ڕیزی دووەم دێت. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بە نزیکەی 165 هەزار دەنگ لە ڕیزی سێیەم دێت.
بڕیارە کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەت بڵاوبکاتەوە.
