دەم پارتی: پێویستە کۆمیسیۆن بڕیاری ڕۆیشتن بۆ ئیمرالی بدات
3 كاتژمێر لەمەوپێش
عایشەگول دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوەندی گشتی پارتەکەی، پرسەکانی ڕۆژەڤی هەڵسەنگاند.
عایشەگول دۆغان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەبێت جێبەجێ بکرێت و هەنگاوی کرداری بنرێت و ڕایگەیاند: "هەموومان هەر ڕۆژ سات بە سات چاوەڕێی هەواڵی ئازادی دەکەین، ئەوەی پێویستە بکرێت ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام ناکرێت. ماوەی نۆ ساڵە بەشێوەیەکی نایاسایی ئەم ڕەوشە بەردەوامە، دەبێت دەستبەجێ زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش کۆتایی پێبێت."
عایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند، سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی گەورەی ئامەد، مافی ئازادکردنی مەرجداری هەیە و وتی: "بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەم مافە، لە مانگی ئەیلولدا داواکارییەک ئاراستەی کۆمیتەی چاودێری و ئیدارەی زیندان کراوە. کۆمیتەکە داواکارییەکەی ڕەتکردووتەوە. لە پاساوی ڕەتکردنەوەکەدا هاتووە: "لەو ماوەیەی کە لە زینداندا بووە، بە ئاشکرا ڕاینەگەیاندووە کە لە ڕێکخراوی تیرۆریستی جیا بووەتەوە." پێویست ناکات بۆ درێژکردنەوەی دەستبەسەرکردنی نایاسایی سەلچوک مزراکلی، بەدوای بیانوودا بگەڕێین."
هەنگاوکرداری پێویستە نەک قسەکردن
عایشەگوڵ دۆغان لەبەردەوامیدا ئاماژەی بە چالاکییەکانی کۆمیسیۆنی دیموکراسی ئاشتی، خوشک و برایەتی یەکگرتنی نیشتیمانی کرد و وتی: "لە قۆناغێکداین کە دەبێت هەنگاوەکان بەپێی ئەو بەڵێنانەی کە دراون بنرێت، چیتر پێویست بە لێدوانەکان ناکات، دەبێت هەنگاوی کردەیی و یاسایی بنرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری بنیات بنرێت."
سەبارەت بەو بوودجەیەی کە ئامادە دەکرێت، عایشەگوڵ دۆغان وتی: "دڵنیا نین لەوەی ئەم بودجەیە بۆ ئاشتییە یان نا، بۆیە دەڵێین نەخێر بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٦، بۆ نان و ئاشتی لە بەشە جیاوازەکانەوە لە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم بەرەو ئەنقەرە ڕێپێوان دەکەین."
پێویستە کۆمیسیۆن بچێت بۆ ئیمراڵی
عایشەگوڵ دۆغان لە کۆبوونەوەکەدا وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە کۆمیسیۆن لە چوون بۆ ئیمراڵی بە گومان بێت و وتی: "بەپێچەوانەی ئەم تێڕوانینە، نەچوون بۆ ئیمراڵی دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتێکی گەورەیە. پێویستە لایەنی دەسەڵاتیش لەم ڕووەوە ڕوانگەی خۆی نیشان بدات بۆ ئەوەی شوێنێک بۆ گفتوگۆ نەمێنێت. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند؛ وەک سەرۆکی کۆمیسیۆن لەسەر ئەم ڕۆژەڤە لە گەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆن کۆبوونەوە ئەنجام دەدات. بە بۆچوونی ئێمە پێویستە کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر ڕۆیشتنی بۆ ئیمراڵی بدات."
