شاندێکی پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە

کاتژمێرێک لەمەوپێش



دوای ماوەیەک لە وەستانی دانوستانەکان، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و پرسی پێکهێنانی حکومەت و یەکڕیزی لە بەغداد تاوتوێ دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری و ئەندامێتیی پشتیوان سادق و عەلی حسێن، دەچنە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر و لەلایەن شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی پێشوازییان لێ دەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 ، شاندی پارتی "دەستپێشخەرییەکیان" بۆ یەکێتی پێیە بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەیەکە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان پرۆسەکە ڕاگیراوە.

تەوەرێکی دیکەی سەرەکیی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش و کۆدەنگی لەنێوان لایەنەکان بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. پارتی دەیەوێت لایەنە کوردییەکان بە یەک دەنگ بچنە بەغداد.

ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە شاندی پارتی سەردانی یەکگرتوو و کۆمەڵی دادگەرییان کرد بۆ هەمان مەبەست. جێی وەبیرهێنانەوەیە دواین کۆبوونەوەی باڵای هەردوو حیزب لە 30-09-2025 لەنێوان مەسعود بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پیرمام بەڕێوەچوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار